ڕۆژنامەگەریی کوردی قەڵەمێک بۆ نیشتمان و دەنگێک بۆ مرۆڤایەتی

131

فرسەت سەید شکور
لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨دا، کاتێک میقداد میدحەت بەدرخان لە قاهیرە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی وەک تیشکێکی ڕووناک کێشا بە ناوچەوانی مێژوویەکی تەمومژاویدا، تەنیا لاپەڕەیەکی چاپکراوی بڵاونەکردەوە، بەڵکوو بناغەی شۆڕشێکی فیکری و ناسنامەیەکی نەتەوەیی داڕشت. ئەمڕۆ تێدەگەین کە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنیا کۆمەڵێک ئەرشیفی کۆن نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی مەعنەویی بێهاوتایە کە نەتەوەیەک لە ڕێگەیەوە هاواری بوونی خۆی بە گوێی جیهاندا داوە.
بۆ گەلی کوردستان، ڕۆژنامەگەری لە هەر ئامرازێکی دیکە بایەخی زیاترە. ئێمە وەک نەتەوەیەک کە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سڕینەوە و بێدەنگکردندا بووین، پێویستمان بەو دەنگە هەیە کە سنوورەکان دەبڕێت و ڕاستییەکان بە ناوخۆ و دەرەوە دەگەیەنێت. لێرەوە بەرپرسیارێتیی میدیاکاران قورستر دەبێت؛ چونکە ڕۆژنامەگەریی کوردی نابێت تەنیا گواستنەوەی هەواڵ بێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە پارێزەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان. کارکردنی بەرپرسانە لەم بوارەدا، واتە دوورکەوتنەوە لە چەواشەکاری و تەرخانکردنی قەڵەمەکان بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد.
ڕۆژنامەگەری بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە چاپکراوەوە تا دەگاتە میدیای دیجیتاڵی، پێویستە لەسەر شاڕێگەی نەتەوەیی بمێنێتەوە. هەرچەندە فرەیی و جیاوازیی بیروڕا نیشانەی تەندروستیی کۆمەڵگەیە، بەڵام لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، پێویستە میدیا وەک چەترێکی نەتەوەیی کار بکات. ئەرکی میدیاکارە کە گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی خاک لە دەروونی نەوەکانی نوێدا بڕوێنێت و ڕێگە نەدات بێ ئومێدی و پەرتەوازەیی ببێتە سیمای کۆمەڵگەکەمان. یەکێکی دیکە لە ئەرکە هەرە پیرۆزەکانی ڕۆژنامەگەریی سەردەم، چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنە. کوردستان لانکەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، میدیاش دەبێت ئەو ئاوێنەیە بێت کە جوانییەکانی ئەم هەمەجۆرییە نیشان بدات. لێبووردەیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی، نەک تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵکوو زامنی سەقامگیریی نیشتمانیشە. قەڵەمێک کە بۆنی لێبووردەیی لێ نەیەت، ناتوانێت خزمەت بە داهاتوویەکی گەش بکات.
ئەمڕۆ کە لەبەردەم شەپۆلی گەورەی تەکنەلۆژیا و «ژیریی دەستکرد»داین، ڕۆژنامەگەریی کوردی پێویستی بە خۆگونجاندنێکی خێرا هەیە. ژیریی دەستکرد ئەگەرچی ئاستەنگی نوێی وەکوو «هەواڵی چەواشە» دروست دەکات، بەڵام هاوکات دەرفەتێکی زێڕینیشە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بە زمانە جیاوازەکانی جیهان و بە کوالێتییەکی بەرزتر بگەیەنرێت. میدیاکاری کوردی دەبێت چەکداری زانستی سەردەم بێت، تا بتوانێت لەم جەنگە نەرمەی زانیارییەکاندا، ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و لە کاروانی پێشکەوتن دوانەکەوێت.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەمیشە ئەم وتە بەناوبانگەی «جۆزێف پۆلیتزەر»مان لەبەرچاو بێت کە دەڵێت: «ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بەرپرس، وەک ڕووناککەرەوەیەک وایە بۆ کۆمەڵگە؛ ئەگەر ڕاستگۆ بێت، دەبێتە پارێزەری مافەکان، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندیخواز بێت، گەل بەرەو تاریکی دەبات.»
با یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی ببێتە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی ئەمەکداری بۆ ئەو قەڵەمە بوێرانەی لە پێناو ڕاستی و ئازادیدا تێکۆشاون. با ڕۆژنامە و میدیاکان بە گشتی ئاوێنەی پاکی نیشتمان و دەنگی ڕەسەنی گەلەکەمان بێت بۆ هەموو سەردەمەکان.