ئەمڕۆ دووشەممە 20/4/2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا دۆخی وەرزش لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە بواری وەرزش کرا.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پشتیوانیکردنی بزاڤی وەرزشی و وەرزشکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بووەتە هۆی پێشکەوتن و پێشەنگبوونی یانە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی گرنگی وەرزشی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بە گشتی.
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە ڕۆڵی کارای سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد لە پێشخستنی بزاڤی وەرزشی لە عێراق و هەموو پشتیوانییەکی بۆ دووپات کردەوە.










