بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیێنێت، کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکوەزیران نەگۆڕاوە و هەر جۆرە دەنگۆیەک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان دوورە لە ڕاستی.
ململانێی ناو ماڵی شیعە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بەردەوامە. مالیکی و سوودانی وەک دوو جەمسەری سەرەکی کێبڕکێ دەکەن، لە کاتێکدا گوشاری تاران بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەم قۆناغە هەستیارەدا لە بەغدا چڕبووەتەوە.
هیشام ڕوکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی جەختی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، پێویستە لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بڕیاری ئازایانە بدەن و دەڵێت قۆناغەکە بەرگەی دواکەوتن ناگرێت و نابێت بەرپرسیارێتیی پەککەوتنی پڕۆسەکە بخەنە ئەستۆی یەکدی.
ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا گوتیشی مالیکی تاوەکو ئێستا تاکە کاندیدی فەرمییە و ئەو پڕوپاگەندانەی باس لە گۆڕینی دەکەن، تەنیا بۆ تێکدانی بارودۆخی سیاسییە.