پاشنيوه‌ڕۆی ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هه‌ر لە به‌رده‌واميى کارنامەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەفەدی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئوردنیی هاشمی، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە مێژوویيیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ شانشینی ئوردن و پەرەپێدانی زیاتری هاریکاریی نێوانيان تاوتوێ کران. نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئوردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، دوا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و گرژییەکان بوو. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی کارکردنی پێكه‌وه‌يى و هاريكارى بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان له‌ ناوچه‌كه‌.