خەبات- عەلی بانیشاری
قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕایی ئەوەی بەشێك لەو غازەی هەفتانە دەگاتە هەڵەبجە دەدرێتە نانەواخانەكان، بەڵام ژمارەیەك نانەواخانە نانیان گران كردووە. سمكۆ سالار مشیر لەو كاتەوەی بووەتە قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە یەكه‌مجارییەتی قسە بۆ (خەبات) دەكات. ئەو دەڵێت: پێشتر مانگانە 20 تۆن غاز لە كەركووك و كێڵگەی غازی كۆڕمۆڕەوە دەگەیشتە كارگەكانی غاز لە هەڵەبجە، ئەوەش بەشی پێویستی دانیشتووانی سنووری پارێزگاكەی دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 14.5 تۆن كەمیكردووە، ئەوەش وایكردووە گوشارێكی زۆرمان لەسەر بێت بۆ پێدانی غاز بە هاووڵاتیان.
سمكۆ سالار، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: تاوەكو ناوەڕاستی مانگی ئادار هاتنی غاز بۆ هەڵەبجە جۆرێك لە بێسەروبەری پێوە دیار بوو، خەڵك لە شارەكانی دیكەوە دەهاتن و غازیان لە هەڵەبجە وەردەگرت و گوشارێكی زۆرمان لەسەر بوو. ئاگاداربووین بریكارەكانی غاز بەپێی پێویست غاز ناگەیەننە دەست هاووڵاتییانی سنوورەكە، ئەوەش ناڕەزایەتی دروستكردبوو، بۆیە وەكو قائیمقامییەت و لیژنەكانی قائیمقامییەتی قەزای ناوەندیی بڕیاماندا دابەشكردنی غاز بەپێی ناوی بریكارەكانی خۆراك بێت.
لە هەڵەبجە دوو كارگەی غاز هەن. بڕی ئەو غازەی دەگاتە ئەو دوو كارگەیە لە 40 ڕۆژی ڕابردوودا لە 20 تۆنەوە بۆ 14.5 تۆن كەمیكردووە. لەو بارەیەوە سمكۆ سالار گوتی: هاتنی غاز بۆ پارێزگای هەڵەبجە 50% كەمیكردووە، بەڵام ئەو بڕە كەمەی دەگاتە دەستمان بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی بەسەر قەزای ناوەندیی و ناحییەكانی بیارە، سیروان، خورماڵ دابەشمان كردووە، ئەوانیش بەپێی ناوی بریكارەكانی خۆراك دابەشی دەكەن بەسەر هاووڵاتیاندا.
قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە دەڵێت: غازی هەڵەبجە لە كەركووك و كۆڕمۆڕەوە دێت، لە 40 ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا دوو بارمان لە كێڵگەی غازی كۆڕمۆڕەوە بۆ هاتووە و دواتر وەستاوە. دەشڵێت: كەمبوونەوەی غاز وایكردووە گوشارێكی زۆری ناوبازاڕ و ناوچەكەمان لەسەر بێت، بەوپێیەی سنوورەكە ناوچەیەكی گەشتیارییە و ئەوانەی ڕووی تێدەكەن پێویستیان بە نانە. زیاتر گوتی: مەرج نییە هەموو خێزانێك مانگانە بتڵێك غازی دەست بكەوێت، چونكە هەفتەی ڕابردوو هیچ بارێكی غاز لە كەركووكەوە بۆ كارگەكانی هەڵەبجە نەهاتووە.
سمكۆ سالار باسی لەوەش كرد، ئەوە غازەی بریكارەكانی غاز لە ڕێگەی ناوی بریكارەكانی خۆراك دابەشی دەكەن و لیژنەكانی ئێمەیان لەگەڵە نرخی تەنیا 8.5 هەزار دینار و هیچ بڕە پارەیەكی زیادەی نەخراوەتەسەر. ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی بوونی غاز و ئەو توانایەی لە بەردەستمانە، هەفتانە بەشێك لەو غازەی دێت دەیدەینە سەنتەری بازاڕ بۆ نانەواخانەكان و نانی هەورامی و ماشینی و نانەواخانەكانی كۆڵانەكان. جاری وەها هەیە پێنج ڕۆژ جارێك نۆ بتڵ غازمان داوەتە نانەواخانەكانی ناو بازاڕ، پێنج بتڵمان داوەتە نانەواخانەكانی كۆڵانەكان، سێ بۆ پێنج بتڵمان داوەتە نانە هەورامییەكان. قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە جەختی لەوەش كردەوە، بەپێی ئەو خشتەیەی دایانناوە بۆ لەمەودا لەگەڵ بوونی غاز هاوكاری تەواوی نانەواخانەكانی هەڵەبجە دەكەن. سەبارەت بە گرانبوونی نرخی نان، سمكۆ سالار گوتی: ژمارەیەك لە نانەواخانەكان نانیان گران كردووە، لیژنەكانمان ڕاسپاردووە قسەی لەگەڵ بكەن، بەڵام بەشێكی دیكەیان هاتوون قەبارەی نانیان گەورەتر كردووە، لە بری هەشت نان، ئێستا شەش نان دەدەن بە هەزار دینار، هەر گونكێك دەبێت 120 گرام بێت، واتە هەشت نان دەكاتە 960 گرام لە هەویر، ئێستا ئەو نانەواخانانە هاتوون ئەو 960 گرامەیان دابەش كردووە بەسەر شەش ناندا، بەو شێوەیە قەبارەی شەش نانەكە گەورەیە، ئەوەش كارێكی باشە.
بەپێی ئاماری لیژنەكانی سەر بە قائیمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، لە سەنتەری قەزای هەڵەبجە نزیكەی 85 نانەواخانە هەن. بەپێی كۆبۆنی خۆراك، سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە نزیكەی 30 هەزار خێزان پێكدێت.