وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی گەیشتنی تەمویلی مووچە لە دارایی عێراقەوە، بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/4/2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار، وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمیی بانکی ناوەنیدی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان بووە، وەرگرتنی پارە لە لقی هەولێری بانکیی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە 12/4/2026 و ڕاستەوخۆ هەمان ڕۆژ دوای وەرگرتنی پارەکە، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.”