سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا سەركۆنەی تاوانی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەك لە سنووری هەولێر كرد كە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەكە و خێزانەكەی.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند: ”زۆر خەمبار و دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەك لە سنووری هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و  خێزانەکەی. بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە، سەرکۆنە و تاوانباران شەرمەزار دەکەم.”

جەختیشی كردەوە: ”بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان دەگەینینە هەموو جیهان، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو ستەمکارییەی بەرامبەریان دەکرێت، دابندرێت و چیتر بە بیانووی بێ پاساو، پەلاماری خەڵکی کوردستان نەدرێت.”