
خەبات – مسلم دۆلەمەری
67 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی خەبات وەك یەكەم زمانحاڵی شۆڕش و زمانی ڕاستگۆیی و بوێری نەتەوەی كورد توانی خۆی لە مەیدانی ڕاگەیاندنی كوردی ئەوسەردەمەدا بناسێنێت و ببێتە پێشەنگ و سەكۆی دەنگی تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی بەتایبەت مینبەرێك بۆ ڕاوبۆچوونی ئافرەت، هەربۆیە ئەمڕۆ ئافرەتانی كوردستان لە دڵەوە ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن و لاپەڕەی ئافرەتان لەخەبات بە گەورەترین سەكۆی ڕادەربڕین و دەنگی ئازادی خۆیان وەسف دەكەن.
نازەنین عەزیز، بەمشێوەیە دوا: بە بۆنەی 67ساڵەی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندان و ستافی ڕۆژنامەی خەبات دەكەم، دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو بۆ ڕەوتی ڕۆژنامەگەری كوردی و گەیاندنی تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان بەبێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازی ڕەگەزی، ئایینی، نەتەوەیی، خەباتێكی گەورەش بوو بۆ گەیاندنی توانا و لێهاتوویی و پەیامی یەكسانی ئافرەتان لەسەرجەم بوارە جیاوازەكان لە كۆمەڵگادا. هەر لەگەڵ بەرپابوونی خەباتی سیاسی و سەرهەڵدان و شۆڕشی كوردی و شەڕە سەپێنراوەكان، ئافرەتی كورد ڕۆڵی بینیوە و ڕۆژنامەی خەباتیش سەكۆیەك بووە بۆ گەیاندنی خەباتی ئافرەتان لە شۆڕشدا، بێگومان ئێستاش كە هەفتانە لاپەڕەی تایبەت بەئافرەتان هەیە سەكۆیەك ودەرگایەكی گرنگ و ئازادە بۆ ئەوەی ئافرەتانمان بە بوێری و ئازادانە بتوانن ڕای خۆیان بگەیەنن و لەم دەرگایەوە هێز و تواناكانیان پیشانی كۆمەڵگابدەن. دووبارە بەرز و پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات، بەردەوام بن لەگەیاندنی پەیامی یەكسانی ئافرەتان.
نیاز زەینەل، لەوبارەوە دەڵێت: بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی(خەبات)ـەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەم و سوپاسی بەردەوامی و ماندووبوونتان دەكەم، بەتایبەت كە ڕۆژنامەی خەبات بۆتە تۆمارگەیەكی گرنگی خەبات و بەسەرهات و تێكۆشانی گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكاندا. ڕۆژنامەی (خەبات) لە تێكڕای وێستگەكانی كاریدا لە پابەندبوونی بە بەها نەتەوەیی و نیشتیمانی و گەیاندنی پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیدا دەنگێكی سەركەوتوو و ڕەسەنی گەلەكەمان بووە. بە هۆی بەردەوامبوونی ڕۆژنامەكەتان دەستخۆشیتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. لێرەدا شایانی باسە كە هەمیشە ڕۆژنامەی خەبات سەكۆیەك بووە بۆ دۆسییەكانی ئافرەتان و خستنەڕووی بارودۆخی ئافرەتان و گرنگیدان بەئافرەت و كێشە و سەركەوتنەكانی. خەبات هەمیشە خۆی بەماڵی ئافرەتێ كورد زانیوە و هەمیشە وەكوو دەرگای ئازادی ڕادەربڕین و گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی ئافرەتانی كوردستان زانیوە بەبێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان، بۆیە ئافرەتانی كوردستان هەمیشە خەبات بەماڵ و مینبەری خۆیان دەزانن بۆ گەیاندنی پەیام و داواكارییەكانی خۆیان بە دەسەڵات و لایەنی پەیوەندار.
زەنوێر ئەحمەد، گوتی: سەرەتا بە بۆنەی 67 ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی خەبات پڕبەدڵ پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی ڕۆژنامەی خەبات دەكەم هیوای بەردەوامی و لەشساخیان بۆدەخوازم. لاپەڕەی ئافرەت لە ڕۆژنامەی خەبات سەكۆیەكی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگ و داواكاریی ئافرەتان و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵگه دەربارەی بوارەكانیان، ڕۆڵێكی باشی هەبووە لە پیشاندانی تواناكان و سەركەوتنی ئافرەتان لە بوارە جیاوازەكاندا، بەڵام هێشتا كاری زیاتر پێویستە، وەك گەیاندنی دەنگی هەموو ئافرەتان. ئەم لاپەڕەیە هەنگاوێكی باشە، بەڵام پێویستی بە زیاتر پەرەپێدان هەیە بۆ كاریگەرییەكی باشتر لەسەرئاستی ئافرەتان لەسەر كۆمەڵگە لە هەمان كاتدا. ئەم لاپەڕەیە توانای ئەوەی هەبووە كە نموونەی ئافرەتانی سەركەوتوو پیشان بدات و ڕۆڵی ئەوان لە بوارەكانی وەك فێربوون، كاری سیاسی و هونەر و چالاكیی كۆمەڵایەتی بەرز بكاتەوە، هەروەها دەركەوتنی ئافرەتان لەو لاپەڕەیە هۆكارێكی گرنگ بووە بۆ شكاندنی هەندێك بیرۆكە و باوەڕی كۆن كە دەربارەی توانای ئافرەتان هەبوو، بۆیە زیاتر هانی ئافرەت دەدات تواناكانیان دەربخەن و پیشانی گۆمەڵگای بدەن.
هۆزان ئیسماعیل، لەو یادە ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: بەبۆنەی 67 ساڵەی بەئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆزباییەكی گەرم لە تەواوی كارمەندانی دەكەم. خەبات هەمیشە بۆئێمە قوتابخانە بووە، دەنگی ڕاستی و دروستی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و خەباتی میللەتی كورد بووە، لە هەموو ڕۆژە تەنگانە و ناخۆشەكاندا. كاتێ ئێمە باسی لاپەڕەی ئافرەت دەكەین لە نێو لاپەڕەكانی خەباتدا باس لەو شوێنە دەكەین كە ئیرادە و هێزی ژنی كوردی تێدا دەبینرێت، خەبات سەلماندوویەتی كە ئافرەت نیوەی كۆمەڵگایە و خاوەن ڕۆڵێكی گەورەیە لە ئاواكردن و بەرەو پێشبردنی وڵات و پەروەردەكردنی نەوەی ئەو نیشتمانە. ئەم لاپەڕەیە وایكردووە كە ئافرهت وكچەكانمان زیاتر لەمافەكانیان تێبگەن و بتوانن لە ڕێگای ئەم لاپەڕەیەوە هێز و توانا و بەهرەكانیان بخەنەڕوو، جگەلەمە ئەوەێ زۆرگرنگترە ئەم لاپەڕەیە هەمیشە پێگەیەكی گرنگ بووە بۆگەیاندنی دەنگی ئافرەتی كورد بەلایەنی پەیوەندار، لە فەلسەفەی بارزانی نەمردا دەلێت (تاكوو ئافرەت ئازاد و بەهێز نەبێت میللەت بەئامانجەكانی خۆی )ناگات.