د. خالیدە خەلیل
بێگومان زمان بێلایەن نییە؛ ئەو وشانەی هەڵیان دەبژێرین، ڕێک وەک ئەو وشانەن، کە خۆیان لێ دوور دەگرین، ئەو وشانە هەڵگری دید و هەڵوێستمانن بۆ ڕوانین لە جیهان. سەنگ و کێشی زمان ئەوکاتە چەند قات دەبێتەوە، کە دەگاتە سەر ناونانی شوێن و قەوارە سیاسییەکان؛ لێرەدا تاکە وشەیەک دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ و دەیان ساڵ لە خەبات و ئیرادەی گشتیی تێدا کورت دەبێتەوە. بەم چەشنە، ناونان دەبێتە کردەیەکی سیاسی، نەک هەر تەنیا گوزارشتێکی سادەی زمانەوانی.
لەم سۆنگەیەوە، کاتێک ڕاگەیاندنکارێک، ڕاوێژکارێک، یان شرۆڤەکارێکی سیاسی وەسفێکی دیاریکراو بۆ کوردستان بەکاردەهێنێت، ئەوە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ئەو کەسەیە بەرامبەر بە هەموو دۆزەکە. لێرەدا ناونان تەنیا مەسەلەیەکی زمان و زاراوەیی نییە، بەڵکو ئاوێنەی دیدگایەکی سیاسیی ڕوونە. بەکارهێنانی وەسفی «باکووری عێراق» لەبری «هەرێمی کوردستان» ناکرێت وەک هەڵەیەکی زمانەوانی، یان ساکارکردنەوەی گۆڕەپانی جوگرافی (وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت) یان سەیر بکرێت، بەڵکو گوزارشتێکی ڕوون و ڕاشکاو لە هەڵوێستێکی توند و ناجۆر کە ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ دەخات و نکۆڵی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات. چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری فیدراڵیی فەرمیی دانپێدانراوە، خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و هێزی پارێزەرە، بەرجەستەکەری مێژووی دوورودرێژی خەباتی سیاسی و سەربازییە.
دەستووری عێراق ئەم پرسەی بە ڕوونی یەکلاکردووەتەوە، چونکە ماددەی (١١٧) بە ڕاشکاوی جەختی لە دانپێدانان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا کردووەتەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی؛ ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و چاسپاندنی ناسنامە و مافەکانی گەلێک بە تێکڕایی. هەروەها لە ماددەی (١١٦) هاتووە بۆ ئەوەی دووپاتی بکاتەوە کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق لە پایتەخت و هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانە پێکدێت کە ناچنە چوارچێوەی هیچ هەرێمێکەوە، ئەمەش ڕێک ئەو چوارچێوەیەیە کە پرۆسەی سیاسیی دوای ساڵی ٢٠٠٣ی لەسەر بونیاد نراوە.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانێکی پڕ لە ئازارە، ئەوەیە کە ئەو لایەنانەی سەردەمانێک دروشمی تووندی دژایەتیکردنی (مەرکەزییەت)یان بەرز دەکردەوە، ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانەوە و کۆپیکردنەوەی هەمان زمان و ئامرازەکانی (مەرکەزییەت)؛ ئەمەش دژایەتییەکی ئاشکرای نێوان گوتاری دیموکراسیی ڕاگەیەندراو و کرداری ڕاستەقینەیە. ئەم ناڕۆشنییەش، پرسیاری جیدی دەربارەی ئاستی ڕێزگرتن لە مافی ڕەوای پێکهاتەکانی دیکە دەورووژێنێت. چونکە جەوهەری دیموکراسیی ڕاستەقینە تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی قووڵ بە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی، قبووڵکردنی «ئەویتر»ی جیاواز وەک بەهایەکی مرۆیی چەسپاو، بونیاد دەنرێت، نەک وەک ڕێککەوتنێکی کاتی و بەرژەوەندیخوازانە. کاتێکیش مافی گەلێک لەو ناونانەی، کە خۆی بۆ خۆی هەڵیبژاردووە ڕەت دەکرێتەوە، یان دان بەو قەوارەیەدا نانرێت کە دەستوور چەسپاندوویەتی، ئیتر دیموکراسی دەبێتە تەنیا کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی ڕواڵەتی و خاڵی لە هەموو مانایەک.
ئەوانەی نکۆڵی لە ناوی «هەرێمی کوردستان» دەکەن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نکۆڵی لە ناسنامەی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی دەکەن؛ لە کاتێکدا ئەوانەی وەک خۆی بەکاری دەهێنن، دان بە ڕاستییەکی سیاسی، یاسایی و دیمۆگرافیی هەبوودا دەنێن. هەر بۆیە، مشتومڕی سەر ناونانەکە تەنیا وتوێژێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو بەرەنگارییەکی ڕەمزییە کە ململانێیەکی قووڵتر دەربارەی سروشتی دەوڵەتی عێراق ئاشکرا دەکات: «ئایا ئەمە دەوڵەتێکە کە مەرکەزییەتی ڕابردوو بەرهەم دەهێنێتەوە، یان دەوڵەتێکی فیدراڵییە کە دان بە فرەییدا دەنێت و بنەماکانی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دادەڕێژێت؟».
لێرەدا پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: چۆن دەکرێت کەسانێک بە ناوی دیموکراسییەوە بدوێن و کەچی نکۆڵی لە یەکێک لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بکەن، کە ئەویش دانپێدانانە بە فرەیی و مافە نەتەوەییەکان؟ چۆن دەبێت ئەوانەی دوای ٢٠٠٣ دروشمی گۆڕانکارییان بەرز کردەوە، هەمان زمانی پەراوێزخستن بەرهەم بهێننەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا هەڵوێست بەرامبەر بە کوردستان دیاری ناکات، بەڵکو سیمای داهاتووی تەواوی عێراق دەکێشێت، چونکە عێراقێک، کە دان بە مافی پێکهاتەکانیدا نەنێت، لە بونیادنانی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی دەستەوەستان دەبێت؛ ئەو دیموکراسییەی نکۆڵی لە فرەیی بکات بە ناتەواوی دەمێنێتەوە؛ ئەو نیشتمانەیشی جێگەی هەمووانی تێدا نەبێتەوە، بۆ هەمووان بەرتەسک دەبێتەوە.
زمان زۆر لەوە گەورەترە تەنیا کۆمەڵە هێمایەک بێت کە بنووسرێت و بگوترێت؛ زمان ئەو جیهانانەیە کە بە وشە دایاندەڕێژین و سەرلەنوێ شێوەیان دەدەینەوە. کاتێک شتەکان بە ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان ناودەبەین، دان بە ڕاستییەکەیاندا دەنێین و ڕێز لە ئیرادەی ئەو کەسانە دەگرین کە سەر بەو ناونانەن، بەڵام کاتێک ناونانەکە ڕەت دەکەینەوە، ئێمە ڕێگەی نکۆڵیکردن و پەراوێزخستن هەڵدەبژێرین، ئەو عەقڵییەتە بەرهەم دەهێنینەوە کە بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو ستەم و باجێکی قورسی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند. لێرەوە، ناونان دەبێتە ئەزموونێک بۆ هۆشیاری، هەروەها ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە کە قووڵایی دیموکراسی و داهاتووی عێراقی پێی پێوانە دەکرێت.