سهرهتا وتار سەرۆک بارزانی سەرکردەی ئەفسانەیی و زەروورەتی مەرجەعییەت و مێژوویی و نەتەوەیی
قادر حەسەن
لەم قۆناغە پڕ لە گۆڕانکاری و هەڵاوسانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، پرسی سەرکردایەتیکردن تەنها پۆستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هونەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و پاراستنی مانەوەی نەتەوەیە.
لەناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، سەرۆک مسعود بارزانی وەکوو تەنها سەرکردەی کورد دەردەکەوێت کە لە ئێستادا خاوەنی ئەو پێگە و سەنگە بێت بتوانێت ڕۆڵی مەرجەعی باڵا بۆ تەواوی کورد ببینێت و زامنکاری ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت.
ئەم خوێندنەوەیە بۆ کەسایەتیی سەرۆک بارزانی، تەنها دەرهاوێشتەی سۆزی نەتەوەیی یان لایەنگریی سیاسیی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خوێندنەوەی وردی ناوەندە بڕیاربەدەستە جیهانییەکانە، دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەدارانی باڵای وڵاتانی زلهێز، کاتێک باس لە دۆزی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدەن کە کلیلی چارەسەر و حیکمەتی سیاسیی لەلای سەرۆک بارزانییە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزێکی ئاڵۆزی وەکوو دۆزی کورد، پێویستی بە کارێزمایەکی ئەفسانەیی وەک ئەوەی جەنابیان هەیە. بۆیە، لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە لەسەر شانمان کە لە بازنەی تەسک و داخراوی حیزبایەتی و ناوچەگەری بێینە دەرەوە، دەبێت بە ئاگا بین کە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان، پێویستیی بە سوودوەرگرتنە لەو ئەزموونە دەوڵەمەند و حیکمەتە سیاسییەی کە لە کەسایەتیی جەنابی سەرۆکدا کۆبووەتەوە، مێژوو سەلماندوویەتی کە لە کاتە سەختەکاندا، تەنها ئەزموون و دووربینیی ئەوە کە دەتوانێت کەشتیی نەتەوە بەرەو کەناری ئارامی ببات و دۆزە ڕەواکەمان لە مەترسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.
پێویستیی ئێمە بە بوونی مەرجەعێکی نەتەوەیی وەکوو سەرۆک بارزانی، زەروورەتێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکگوتاریی کورد، کاتێک کورد خاوەنی مەرجەعێک بێت کە هەمووان لە دەوری کۆببنەوە، ئەوا دەرگا لەبەردەم نەیاران دادەخرێت کە چیتر نەتوانن ناکۆکییە ناوخۆییەکان و لێکترازانەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن، یەکخستنی هەڵوێستەکان لەژێر چەتری سەرکردایەتیی جەنابیاندا، قورسایی کورد لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا چەندین هێندە زیاد دەکات و وا دەکات بڕیار و ویستی ئێمە لەسەر مێزی گفتوگۆکان کاریگەرتر و بەهێزتر بێت.
ڕێگای بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر و پاراوتر، بەستراوەتەوە بە توانای ئێمە لە ناسینی سەرکردە مێژووییەکانمان و پشتیوانیکردنیان وەک چەقی هێز، سەرۆک بارزانی ئەو سەرکردە ئەفسانەییەیە کە بە حیکمەت و لێزانی خۆی دەتوانێت یەکڕیزیی نەتەوەکەمان بپارێزێت و بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر ڕێبەریەتیمان بکات.