ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی 3ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ دیلان یەشیلکۆژ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش کرد.

هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان شەرمەزار کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر گرژی و شەر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ستایشی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە کرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان شانشینی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری دەربڕی.