كاروان محه‌مه‌د سینۆ
ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، “شیلی کیتلسۆن” (Shelly Kittleson)، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریکی، لە ناوەڕاستی شەقامی سەعدوون لە بەغدا و لە نزیک هۆتێل فەڵەستین، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە ڕفێندرا.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری و شایەتحاڵەکان، کیتلسۆن لە “ڕۆژی ڕووناکدا” و لە کاتێکدا لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بووە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کە جلی سڤیلی ڕەشیان پۆشیوە و هەندێکیان دەمامکدار بوون، ڕێگەی لێ گیراوە و بە زۆر خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلێکی سپی و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمی ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، دەستیان بە ڕاوەدوونانی ڕفێنەرەکان کردووە. ئەنجامی هەوڵەکان تا ئێستا بەم شێوەیە بووە:
یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ڕفێنەرەکان لە کاتی ڕاوەدووناندا وەرگەڕاو. هێزە ئەمنییەکان لایەنی کەم یەکێک لە ڕفێنەرەکانیان دەستگیر کردووە، کە دەوترێت ناسنامەیەکی ئەمنی فەرمیی پێ بووە.
هەندێک سەرچاوەی وەک (قەناڵ عەرەبییە و ئاژانسی ئانسا-ی ئیتاڵی) ئاماژە بەوە دەکەن کە کیتلسۆن ڕزگار کراوە و بەهۆی بریندارییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ لە دوایین بەیاننامەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕان و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی هێشتا بەردەوامن.
شیلی کیتلسۆن ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی (Freelance) ئەمریکییە و ساڵانێکی زۆرە لە بەغدا نیشتەجێیە. ناوبراو بە ڕاپۆرتە وردەکانی لەسەر سیاسەتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماڵپەڕە جیهانییەکانی وەک Al-Monitor و Foreign Policy دەناسرێتەوە. کیتلسۆن یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسە بیانیانەیە کە زۆرترین شارەزایی لەسەر دۆخی گرووپە چەکدارەکان و ململانێ ئەمنییەکانی عێراق هەیە.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕفاندنی ناوبراو ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی گومان دەکەن گروپە میلیشیاکانی لەیاسا دەرچووی عێراق لە پشت ڕووداوەکە بن، ئەمەش وەک کارتێکی گوشار لە بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوەتە سەریان. ئەمانە زانیاری سەرەتایی ڕووداوەکەن و دەکرێ دواتر زیانیاری زیاتر بکەونە بەردەست