لەهێرشەكانی شەوی ڕابردوی گروپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی عێراق زیانی زۆری بەركەوت، كە عێراق تەنها شەش دانەی لەو فڕۆكەیە هەیە و نرخەكەی زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلارە.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، شەوی رابردو، لە هێرشی گروپە چەكدارەكاندا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شەهید عەلا (بەشە سەربازییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد)، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری ئەنتۆنۆف (AN-32B)ی هێزی ئاسمانی عێراق، زیانێکی زۆری بەرکەوتوە و تێکشکێنراوە.
سەرچاوە سەربازییە عێراقییەكان باسی لەوەشكردوە، فڕۆکەکە لەسەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکە وەستابو، یەکێک لە موشەکەکان بەر باڵی ڕاستی کەوتوە، ئەوەش هاوکات بوە لەگەڵ هێرشی درۆن و موشەكی بۆ سەر سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد.