سهرهتا وتار هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی كوردستان، دونیای بەدەنگ هێنا
غازی حهسهن
نامەوێت قسە لەسەر خودی سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) بکەم، چونکە ئەو پێویستی بە قسە و گوتاری من نییە، پێگە و کەسایەتی و دونیابینی و هێزی دیپلۆماسی و توانای ئەو بەپشت بەستن بەعەقڵ و هێزی نەرم لەپێناو چارەسەری کێشە و قەیرانە هەر سەختەکان رەفتارەکانی بە بەکارهێنانی وشە و کرداری سیاسیانە نیشانەن بۆ هێز و توانا و پێگەی ئەم کارەکتەرە لێهاتووە.
هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم لە دهۆک درێژە پێدانی نیەتی دوژمنکارانەی ئاشکرای ئەو هێزانەیە، کە چەند ساڵێکە بەئاشکرا و ڕاشکاوانە لەژێر دروشم و نیەت و تۆمەتی دروستکراوی جیاواز پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت ئەوەی هەیە یەکسانی سفری بکەنەوە و کوردیش وەکو خۆیان بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی جەهالەت و دواکەوتن و نادادپەروەریی ڕەگەزپەرستی و مەزهەبی و سیاسی، ئەمەش لەکردەوەدا دەیسەلمێنێت، هەرچەندە سەرۆکی هەرێم بەپێداگریی و وریایی زۆرەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بەغدا لە قەیران گەیاندۆتە ئارامی و لێکتێگەیشتن، بەڵام دیارە ئەوانەی پەلاماری کوردستان بە درۆن و مووشەک دەدەن، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاشتەوایی و پەیوەندی دەستووری و یاسایی لەنێوان هەولێر و بەغدا نین.
بەپێچەوانەوە دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە بەزۆر لەحیم کراوەی هەیە، نەمێنێت. واتە هێزە تیرۆریست و تووندڕەوەکان نایانەوێت عێراق بە یەکگرتووی بمێنێتەوە، گەرەکیانە ململانێی سیاسی بکەنە کێشە لەنێوان کورد و عەرەب، لەنێوان مەزهەب و پێکهاتەکان، هەرچەندە کوردستان هەتا ئێستا ژیرانە هەموو ئەم لوغمانەی پووچەل کردۆتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەمە هەتا دیماهی بێت.
لەهەمان کاتدا حکوومەتی عێراق لە بەغدا هەموو جارێک کە گوشاری کۆمەڵگەی نێوەدوڵەتی لەبەرانبەر هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستانی بۆ دێت، یەکسەر بانگەشەی پێکهێنانی لیژنە و بەدواداچوون دەکات و لە دیماهیشدا تاوانباران ئازاد دەکات و وایان لێ دەکات دەستکراوەتر لەجاران لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکەی عێراق و لەنێو گروپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان هەڕەشە بکەن و پەلاماری چەکداری و سیاسی و ڕاگەیاندن بدەن و دەیانەوێت شەقامی عەرەبی لەدژی کورد، لەدژی پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن.
هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)، ڕێکودروست هێرشە بۆسەر هێما و نیشانە یاسایی و رەمزەکانی کوردستان و هێرشە بۆ سەر هەموو ماڵێکی کورد لە هەرێمی کوردستان. نەک لەبەر خودی سەرۆکی هەرێم و کەسایەتییەکەی، بەڵکو ئەم جۆرە هێرشانە لەهەموو دەوڵەتێک بەهێرش بۆ سەرجەم هەموو دامەزراوە و کەسایەتی و ناسنامە و پێکهاتەی دەوڵەتەکە هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەهەموو جارێک ڕوونتر دەبێژێت ئەمە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر «یەکپارچەیی عێراق!! بۆ من هەموو بستەخاکێکی هەرێم پیرۆز و جێگەی بایەخە، هێرشکردنە سەر ماڵ و پێگەی کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەزاندنی هەموو بەها و سنوورەکان دژی کوردستیانیان دەزانم و پێم وایە عێراق (یان ناتوانێت هیج لەگەڵ گروپەکان تووندڕەوە تیرۆریستییەکان بکات، یان خۆی حەز دەکات و لەگەڵ ئەم جۆرە هێرشانەیە، یانژی دەیەوێت گەمەیەکی سیاسی دۆراو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و خودی خۆشیان بکات). دوور نییە هەر سێ جۆر بێت. بە هێرشکردنە سەر ماڵی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی و پەیوەندیی و هاودەنگییەکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەرفراوان هاتە ئاراوە، ئەمەش لەجیاتی دروستکردنی ترس لای هاووڵاتیانی هەرێم و لاوازکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، متمانە و پاڵپشتی و هاوسۆزی بەهێز و موکمتر کرد.
پێش دیماهی ئەم بابەتە، لەڕاستیدا ئەو گروپ و لایەنانەی بەڕقەوە دەیانەوێت پەلاماری کورستان بدەن، ئینجا ئەمە بە بێدەنگی بەغدا بێت، یان هەر لایەن و دەوڵەتێک بێت ناهەق نین، چۆن ئەوانە لەداخی ئارامی و پێکەوەژیان و گەشەکردن و پەیوەندیی نێوەدەوڵەتی هەرێمی کورستان نەتەقەن و بەسک نەدەن، ژبیر نەکەین، ئەم هێرشانە ئازاری هەرێمی کوردستان دەدات، سنوور و بەها دیپلۆماسی و دەستوورییەکان دەکاتە شتێکی بێ بەها، بەڵام نێوبانگی سەرۆکی هەرێم، پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، بۆیە گلەیی لە دوژمنان و ناحەزان ناکەم و بە ناهەقیان نازانم لەداخی کورد ئاوس بن. هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزترین دۆخی جەنگدا، ڕوونترین هەڵوێستی نەبوونە بەشێک لە کێشەکانی هەبێت.