کاروان محەمەد سینۆ
لە کاتێکدا کە ناوچەکە لەسەر لێواری گۆڕانکارییەکی مەزن و چارەنووسازدایە، جارێکی دیکە زمانی (هەڕەشە و مۆڵەت و کاتی دیارکراو) بوونەتەوە قسەی سەر زمان و بن زمانی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا دژی ئیران.
نوێترین هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، (دوێنێ پێنجشەممە 26ی ئادار) بە دوو قۆناغ ڕاگەیەندران؛ بەیانی رۆژی پێنجشەممە، لە میانی کۆبوونەوەی (ئەنجومەنی ئاشتیی تایبەت بە کەرتی غەزە)، ترەمپ ڕایگەیاند کە مۆڵەتی ١٠ ڕۆژ دەداتە ئێران بۆ گەیشتن بە “ڕێککەوتنێکی باش و بەسود” لەو وتووێژانەی ئێستا لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەدەچن، ئەگەرنا؟!؛ ئێران ڕووبەڕووی “کارەسات و شتێکی خراپ” دەبێتەوە.
پاش پێنج کاتژمێر لەو لێدوانەی، ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا و لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانێکی ویلایەتی جۆرجیا، دووبارە جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە ڕێککەوتن کرد لەگەڵ ئێران. بەڵام ئەمجارە خشتەی کاتیی (مۆڵەت دوامۆڵەت) لە ١٠ ڕۆژەوە بۆ ١٥ ڕۆژ درێژکردەوە” بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی مڕۆڤ هەڵەوەستەک بکات و ئەم گۆڕین و درێژکردنەوەی وادەی (دوا مۆڵەت) لای تڕەمپ چ ڕەندێک لەخۆ دەگرێت.
هەروەکو هەموومان دەزانین؛ کە هەڵنجاندنی ڕەفتار و گفتارەکانی (دۆناڵد تڕەمپ) ئاسان و ئاسایی نییە، چونکە پێشووتر و بەم دواییەش تێبینیی گۆڕان و هەڵگەڕانەوەمان کردووە لە بڕیار و ڕەفتارەکانی (دۆناڵد تڕەمپ)دا؛ بەڵام لە سەر چەند بنەمایەکی واقع حاڵی سەربازی و لۆجیکی جەنگی دەروونی و پێشهاتە دپلۆماسی و ووزە و لێکەوتە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی جیهاکدا؛ دەکرێ تاڕاددەیەک ئەگەرەکانی ڕەفتار و گفتارەکانی ترەمپ هەڵنجێنین.
گۆڕین و درێژکردنەوەی وادەی (دوا مۆڵەت)ـەکەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ ئێران، دەکرێ خوڵقاندنی تەمومژێکی ستراتیژی بووبێت کە ئامانجی سەرەکی لێی دروستکردنی زۆرترین گوشاربێت بۆ لەسەر دەسەڵاتدارانی ئیران. هەروەها ئەوەشمان بیرنەچێت؛ کاتێک سەرۆکایەتی ئەمریکا مۆڵەتێکی چەند ڕۆژەی دیاریکراو بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی “ڕێککەوتنێکی باش و بەسود” دەخاتە ڕوو، لە ڕاستیدا ئەم پەیامە تەنیا بۆ ئیرانییە نییە!، بەڵکو بۆ هەموو ئەو دۆست و نەیارانەیە کە چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی ئەمریکان. دەرێ ئەم جۆرە دێپلۆماسیەتە بە “دێپلۆماسییەتی سەر زارەکی” ناو ببەین کە مەبەست لێی ئەوەیە لایەنی بەرامبەر بخرێتە ناو دۆخێکی دەروونییەوە ناجێگیر کە تێیدا بڕیاردان لەژێر سێبەری هەڕەشەی سەربازیدا بێت. بەڵام لێرەدا پرسیارئەوەیە: ئایا ئەم تەمومژە بەشێکە لە ستراتیژییەکی داڕێژراوی دەسەڵاتی ئەمریکا (کۆنگرێس، سەرۆک، دادگای باڵا)، یان تەنیا هەوڵێکی تاکلایەنانەی (دۆناڵد ترەمپ)ـە وەکو سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی مەرجەکان بەبێ هەبوونی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ دوای مۆڵەتەکەی؟.
شایانی باسە.. هاوتەریب لەگەڵ ئەم لێدوانە توندانەی ترەمپ، ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) شاهیدی یەکێک لە گەورەترین کۆکردنەوەی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکایە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە. ناردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکان بۆ ناو ئاوەکانی دەڤەرەکە، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن دەیەوێت نیشانی ئەوە بدات کە بژاردەی سەربازی تەنیا قسە نییە!!. بەڵام دیسان ئەوەمان لە بیرنەچێت کە ئەم ئاستە لە ئامادەباشی و کۆکردنەوەی هێز و چەک لەم دەڤەرەدا؛ ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت؟!، یان دەبێت ڕێککەوتنێکی خێرا بێتە ئەنجام بدرێت یان ئەوەتا مۆڵەتەکە بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی کۆتایی پێدێت. لێرەدا مەترسییەکی گەورە لە ئارادایە ئەویش ئەوەیە ” هەرهەڵەیەکی بچووک لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی لایەنەکان، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک کە کەس ناتوانێت سنوورەکانی دیاری بکات.
هەروەکو لە چەندین بۆنەدا ترامپ ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن داوای ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەکات کە تەنیا پرسی چەکی ئەتۆمی نەبێت، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی موشەکی بالستی و بڕینی دەستی لایەن و میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە. هەڵبەت لە ڕوانگەی سیاسی و سەربازییەوە، ئەم داواکارییانە بۆ ئێران وەک “خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج” دەبێت.
پێموایە.. ئێران لەژێر هیچ جۆرە گوشارێکی سەربازیدا، ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو کارتانە بێت کە بە بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت. ئەمەش وا دەکات مۆڵەتە 15 ڕۆژییەکەی تڕەمپ وەک تەڵەیەکی سیاسی دەربکەوێت کە ئامانج لێی نیشاندانی بێ ئەنجامیی دیپلۆماسییەتە بۆ شەرعییەت دان بە هەنگاویکی توندتر. (هەروەک دووڕۆژ لەمەوپێش لە گوتارێکمدا بە ناونیشانی “ڕێککەوتن یان تەڵەی تڕەمپ؟!” کە لە 25ی ئادار لە ماڵپەڕی “ڕۆژنامەی خەبات”دا بڵاو بۆتەوە، بە تێروتەسەلی باسم لەم پێشهاتە کردووە)
لەبەردەم ئەم دۆخەی ئێستای ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیلدا، پێموایە؛ دوو سیناریۆی سەرەکی خۆیان دەسەپێنن:
یەکەم: ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی سنووردار بۆ سەر هەندێک بنکەی ستراتیژی بە مەبەستی ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجەکانی ئەمریکا. ئەمە سیناریۆیەکە کە هەندێک لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆن پاڵپشتی لێ دەکەن.
دووەم: بەردەوامبوونی یاریی مۆڵەتەکان و درێژکردنەوەی کات بە هیوای ئەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و گوشارە ناوخۆییەکان وئێران بەرەو داڕمان ببەن، کە ئەمەش بژاردەیەکی درێژخایەنتر لە خشتەی تڕەمپ بۆ جەنگەکە و پڕ مەترسیدارترە.
لە کۆتاییدا.. دیپلۆماسییەتی “دوامۆڵەت” و “هەڕەشە”، ناوچەکەی خستووەتە ناو تونێلێکی تاریکەوە. ئایا ئەمە تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە وتووێژەکاندا، یان گەیشتنە بە قۆناغی بڕیاری کۆتایی بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان بە هێزی چەک؟.
ئەوەی تاکو ئێستا ڕوونە ئەوەیە؛ تاران ئێستا لەو بڕوایەدایە کە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئەوان ئەگەرێکی حەتمییە، بۆیە ڕەنگە لەبری پاشەکشە، بەرەو هەڵکشانی زیاتری ئاڵۆزییەکان هەنگاو بنێت…. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، جیهان دەزانێت ئایا مۆڵەتە 15ڕۆژییەکەی دۆناڵد تڕەمپ دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی نوێ یان سەپاندنی واقیعێکی خوێناوی.