لە ئەنجامی بۆردوومانێکی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، حەوت کەس کوژران و نۆی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە شارە جیاوازەکانی عێراق بەردەوامی هەیە. ئەمجارەش لە بۆردوومانەکانی سوپای ئەمریکا ژمارەیەک ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران.
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ئەنبار، حەوت ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و هاوکات نۆ کەسی دیکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرش کراوەتە سەر بارەگای پزیشکیی حەشدی شەعبی لە سەربازگەی حەبانییە لە سنووری قەزای حەبانییە.
ئەم هێرشە، دوای کەمتر لەڕۆژێک لەبڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دێت، کەتێیدا گڵۆپی سەوزی بۆ حەشدی شەعبی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکە هەڵکرد کە ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بدەنەوە.