کاروان محەمەد سینۆ

لە گەرمەی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێراندا، هەموو جیهان لەناو یەک ڕێڕەوی ئاویدا بچووک بووەتەوە، ئەویش گەرووی هورمزە. ئەوەی لەم جەنگەدا قورسایی، توانا و بایەخ بە ئێران دەبەخشێت، تەنها پانیی گەرووی هورمز و ئاوە کەمقووڵەکانی نییە، بەڵکو ئەو دوورگانەیە کە لەناو گەرووی هورمز و دەوروبەریدا بڵاو بوونەتەوە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم بەکورتی باسی گرنگیی پێگەی ئەم دوورگانە بکەم لە جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێراندا:
دوورگەی قشم: دوورگەیەکی فراوانە، خاوەنی تۆپۆگرافیایەکی سەخت و کەناراوێکی درێژە کە نزیکەی ١٣٠ کیلۆمەتر دەبێت. ئەم جۆرە تۆپۆگرافیایە دەرفەت و پێگەیەکی گرنگ بۆ جێگیرکردنی ڕادار و مووشەک دەڕەخسێنێت، لەگەڵ بوونی دەرفەتی خۆشاردنەوە و گۆڕینی شوێن لە کاتی پێویست و گونجاودا.

دوورگەی لارک: لە بەرامبەردا هەڵکەوتووە، کە ڕێک دەکەوێتە سەر گەرووەکە؛ هەرچەندە بچووکە، بەڵام پێگەیەکی هەرە گرنگ و کوشندەی هەیە. پێگەکەی وا دەکات سەرپەرشتییەکی ڕاستەوخۆ بەسەر کەشتییە تێپەڕبووەکاندا بکات و وەک “چەکوشێکی کوشندە” وایە.

هەر سێ دوورگەکە (تەنبی گەورە، تەنبی بچوک و ئەبو موسا): کەمێک دوورتر هەڵکەوتوون و وەک سەنگەرێکی پێشەوە بڵاو بوونەتەوە؛ هەرچەندە ڕووبەرییان بچووکە، بەڵام بەسە بۆ جێگیرکردنی مووشەک یان خاڵی چاودێری، کە دەتوانن هەڕەشە و باڵادەستیی بەردەوام بخەنە سەر ڕێڕەوەکە. لە پشت ئەوانیشەوە (دوورگەی سیری) ڕۆڵی بنکەی پاڵپشتیی هەر سێ دوورگەکەی پێشەوە دەگێڕێت.

دوورگەی خارک و دوورگەی لاوان: وەک شادەماری هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەناسرێن؛ لێدانی ئەم دوورگانە یاخود داگیرکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە دەخنکێنێت.

ئەم جوگرافیایەی دوورگەکان شێوازی بیرکردنەوەی ئێرانی ڕوون کردووەتەوە؛ لەبری داخستنی ڕاستەوخۆی گەرووەکە، ئێران وا دەکات گەرووەکە لە ڕێگەی مینڕێژکردن، بەکارهێنانی بەلەمی شەڕکەری خێرا و ئەو مووشەکانەی لە دوورگەکان یان کەناراوەکانەوە دەهاوێژرێن، بە نائارامی بمێنێتەوە.
هەر پلانێکی ئەمریکی بۆ کردنەوە و پاراستنی گەرووی هورمز و کەنداوەکە بەگشتی، پێویست دەکات چەندین جار تۆپۆگرافیای ئەم دوورگانە دیراسە بکات، تاوەکو بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەسەر ئەم دوورگانەدا زاڵ بێت، بەرلەوەی ئێران بە مووشەکی قورس وڵاتانی کەنداو هەراسان بکات. ئەویش لە ڕێگەی لێدانی چڕ (بێدەنگکردنی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی ئێرانی)، پاشان داگیرکردنی کاتیی دوورگەکان؛ دەکرێت ئەمە وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر تاران بەکار بهێنرێت تاوەکو پاشەکشە لە هەڕەشەکانی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیی فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەش هەیە.