کاروان محەمەد سینۆ
بەپێی نوێترین پێشبینییە داراییەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی، داهاتێکی بەرچاو بۆ حکوومەتی فیدراڵ دابین دەکات، کە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی ٢٤ ملیۆن دۆلار.
ڕاپۆرتێکی “چاودێری ئیکۆ عێراق” (Eco Iraq Observatory) ئاشکرای کردووە کە هەناردەکردنی نەوت بەم ڕێڕەوەدا (بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان) لە ئێستادا ٦٪ی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت. بەپێی نرخەکانی ئێستای بازاڕ، کە بە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە، هەناردەکردنی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دوای دەرکردنی تێچووەکانی گواستنەوە، داهاتێکی پوختی ڕۆژانە بە بڕی ٢٤.٢١ ملیۆن دۆلار دەست بەغدا دەکەوێت.
تێچووەکان و شایستە داراییەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٣.١٥ دۆلار دیاریکراوە، کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
1- تێچووی ناوخۆ: بڕی ٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک کرێی بەکارهێنانی بۆرییەکان.
2- تێچووی تێپەڕبوون (ترانزێت): وڵاتی تورکیا بڕی ١.١٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگرێت لەبەرامبەر تێپەڕبوونی نەوتەکە بە خاکی وڵاتەکەیدا تا دەگاتە بەندەری جیهان.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاندووە، کە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، عێراق ڕووبەڕووی قەیرن و گوشارێکی دارایی زۆر بووەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە.
شایانی باسە، ئەم دەرچەیە لە قەیرانەکە، دوای ئەوە هات کە ڕۆژی سێشەممە بەغدا و هەولێر گەیشتنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە. لە ئێستادا نەوتەکە دەگاتە وێستگەی “فیشخابوور” و لەوێوە ڕەوانەی بەندەری جیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست دەکرێت.