وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە کە بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئاداری 2026، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان برینداربوون.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە دەکەین و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت و پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە لەیاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.”