حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان دەکات و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەو میلیشیایانە دابنێت کە هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە 14/3/2026 حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: “بە توندترین شێوە، هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکەین.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.”