چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە داوای “بەپەلە”ی وه‌ستاندنی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو كرد کە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکانەوە بووەتە ئامانجی چەندین لێدان.

له‌ بڕیارنامه‌كه‌دا هاتووه‌: هەر کردەوەیەک یان هەڕەشەیەک لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانجی داخستن و ڕێگریکردن یان دەستوەردان لە کەشتیوانی نێودەوڵەتیی لە گەرووی هورمز بە هەموو شێوەیەک ئیدانە دەکات.

سێزدە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگیریان لە بڕیارنامەکە کرد و دوو کەسیش ئامادە نەبوون کە ئەوانیش ڕووسیا و چین بوون.

نوێنەری بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەمال ئەلروەیی لە وتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدا گوتی: “ئەم پشتیوانییە بەرفراوانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەکی بەکۆمەڵە لە جددییەتی ئەو دەستدرێژییە دڕندانەی ئێران کە بەحرەین و وڵاتانی دیکەی ئه‌ندام له‌ ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداوی كردووه‌ته‌ ئامانج.”

هه‌روه‌ها جیرۆم بۆنافۆنت، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “پێویستە ئێران وەڵامی ئەم پەیامە بەهێزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجومەنی ئاسایش بداتەوە و واز لە پەرەسەندنی ئەم ململانێیە بهێنێت”