وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانەكان كرد و ئاماژەی بەوەش دا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ هەر رووداوێک دەکەن کە کاریگەری لەسەر كارەكانی نێردە و كونسوڵخانەكان هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2026\3\10، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێدا ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی كرد و ئاماژەی بەوەشدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ هەر رووداوێک دەکەن کە کاریگەری لەسەر ئەو نێردانە هەبێت و رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنەبەر لەپێناو دڵنیابوون لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەكان، پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانە و پاراستنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، جەختی لەوەش كردەوە، هەموو هێرشێك رەتدەكەنەوە كە دەكرێتە سەر ئەو كونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییانە، هەموو هەولێكی عێراق بۆ پارێزگاریی كردنە لێیان لە پێناو دڵنیابوون لە بەردەوامی کارەکانیان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ژینگەیەکی ئارامدا و پابەندبوون بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكانیان لە عێراق.