سهرهتا وتار ڕاپەڕینی خەڵکی كوردستان.. ڕۆژی سەركەوتنی ئیرادەی میللەت بەسەر زۆرداریدا
دڵشاد محەمەد ئەحمەد*
كوردستان لاپەڕەیەكی نەمرە لە تۆماری مێژوودا، كاتێك بە سنگێكی ڕووت و ویستێكی نەشكاوەوە، لە دژی ستەم و زۆرداریدا ڕاپەڕی، ڕایگەیاند، سەردەمی ترس كۆتایی هات، ئەو گەلانەی باوەڕیان بە مافی خۆیان لە ئازادیدا هەیە، هەرگیز نابەزن. ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی كوردستان، ساتێكی یەكلاكەرەوە بوو، كە تێیدا ئازار و مەینەتییەكانی چەندان ساڵ، بۆ هێزێك گۆڕا، كە داهاتوو دروست دەكات.
ئەو ڕاپەڕینە تەنها ڕووداوێكی ڕاگوزەر نەبوو، بەڵكو هاواری گەلێك بوو، كە ماوەیەكی درێژ بوو، بەدەست زۆرداری و بێبەشیدا دەیناڵاند، بۆیە بەیەكگرتوویی ڕابوو، بۆ ئەوەی قسەی خۆی بكات و بڵێت: ماف لە ستەم بەهێزترە، ویستی گەلانیش، هەرچەندە زۆرداری و ستەمكاری توندتر بێت، هەرگیز ناشكێت. ڕۆڵەكانی كوردستان قوربانی گەورەیان دا، شەهیدانیش بۆ پاراستنی كەرامەتی خاك و مرۆڤ گیانی خۆیان بەخشی، تاوەكو ئەو خوێنە پاكە، ببێتە مەشخەڵی ڕێگەی بەرەو ئازادی و سەرفرازی.
لەو یادە شكۆدارەدا، ڕۆڵی سەركردایەتییە نیشتمانییەكان بەرز دەنرخێنین، كە لە سەختترین ساتەكاندا، هاوشانی گەلەكەیان وەستان، لە پێش هەمووشیانەوە سەرۆك مەسعود بارزانی، كە هەمیشە وەكوو دەنگی دانایی و خۆڕاگری ماوەتەوە و ئاڵای بەرگریكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی هەڵگرتووە، هەوڵیش دەدات، سەقامگیری و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە بچەسپێنێت، كە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی قارەمانان بەدی هاتوون.
یادی ڕاپەڕینی كوردستان، تەنها یادێكی مێژوویی نییە، بەڵكو پەیامێكە بۆ نەوەكان، كەوا ئازادی نابەخشرێت، بەڵكو دەسەنرێت، ئەو گەلانەی یەكڕیزی خۆیشیان دروست دەكەن، دەتوانن داهاتووی خۆیان بنیات بنێن، هەروەها ئەمە بانگەوازێكی بەردەوامیشە، بۆ پاراستنی یەكڕیزی گەلی كوردستان، پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی كوردستان و كاركردن لە پێناو داهاتوویەك، كە ئاشتی، دادگەری و بووژانەوە باڵی بەسەردا بكێشێت.
لەو بۆنە نیشتمانییە مەزنەدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كوردمان لە كوردستان و لە هەموو شوێنێكدا دەكەین، بە شانازییەوە یادی قارەمانیەتی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە دەكەینەوە، پەیمانیش نوێ دەكەینەوە، كوردستان هەر بە خاكی كەرامەت و خۆڕاگری بمێنێتەوە.
سەربەرزی بۆ شەهیدان،
نەمری بۆ قوربانیدانی قارەمانان،
ئازادی و كەرامەتیش بۆ گەلی كوردستان.
* مامۆستای ئاینی.
و: ڕەمزی میرەكانی