ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، موجتەبا خامنەیی بە رێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی هەڵبژارد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، بە گوێرەی مادەی 111ی دەستوور، ئەنجوومەنێکی کاتی بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئێران و پڕکردنەوەی بۆشایی بەرزترین پۆستی وڵاتەکە پێکهێنرا.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی کاتی شارەزایان بە گوێرەی مادەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە سێیەم رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران هەڵبژارد و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کردووە بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.

موجتەبا خامنەیی کە ئێستا تەمەنی 57 ساڵە، دووەمین کوڕی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە قوتابخانەی “عەلەوی”ی تاران خوێندنی ئامادەییی تەواو کردووە و لە ساڵی 1999وە بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە شاری قوم و لای مەحموود هاشمیی شاهروودی، میسباح یەزدی و جەعفەر سوبحانی خوێندوویەتی.