دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی خۆی کرد بۆ ئەوەی لە قۆناغی خۆپاراستنەوە بچنە ناو قۆناغی شەڕی ڕاستەقینە و ئامادەی جووڵە بن دژی ئێران، پێدەچێت سەعاتی سفر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک بووبێتەوە.
ئەم پێشهاتە کە دوای زنجیرەیەک هێرش و کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران و میلیشیاکان دێت، هاوکاتە لەگەڵ بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژێرخانی سەربازیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و هێرشی پێچەوانەی تاران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، سعوودیە و هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدایە كە هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لە نەویستنی جەنگێکی درێژخایەن دەکەنەوە، بەڵام ئامادەکارییە سەربازییە فراوانەکان ئاماژەن بۆ فراوانبوونی خێرای بەرەکانی جەنگ و شەڕێكی یەكلاكەرەوە.
هەڵوێست و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل هەنگاوی چڕیان دژی تاران و هاوپەیمانەکانی گرتووەتە بەر. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لە وەڵامدانەوەی خێرای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەی واشنتن لە ڕیاز کردەوە، لەکاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە تەنیا لە ٤٨ کاتژمێری سەرەتادا ١٢٥٠ ئامانجی سەربازی و مووشەکیی ئێرانیان پەکخستووە. لە لایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران بە هەنگاوێکی حەتمی و پێشوەختە وەسف کرد. سوپای ئیسرائیلیش بنکەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی (سەدا و سیما)ی وێران کرد و فڕۆکە جەنگییەکانیشیان گەڕەکی (حارێت حریک)یان لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بۆردومان کرد.
لە پەیامێکی چارەنووسسازیشدا بۆ نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی قۆناغی ئامادەکاری و دەستپێکردنی قۆناغی (جووڵە و شەڕی ڕاستەقینە)ی دژی ئێرانی ڕاگەیاند.
بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، ئەم هێزە گەورەیە کە پێکهاتووە لە سەربازان، دەریاوانان، فڕۆکەوانان و هێزە جیاوازەکانی دیکە، دەچنە ناو ئۆپەراسیۆنێکەوە کە بە گوتەی فەرماندەکە (ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت).
فەرماندەی سێنتکۆم هۆکاری ئەم ئۆپەراسیۆنەی گەڕاندەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە ڕژێمی ئێران دەیکاتە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و تێیدا هەزاران ئەمریکیی کوشتووە و بریندار کردووە. لە ڕێنماییەکانیدا بۆ هێزەکان، داوای لێکردن لە گۆڕەپانی شەڕدا (بێبەزەیی بن)، بەڵام لە هەمان کاتدا پیشەییبوونی خۆیان لە مامەڵەکردندا بپارێزن، بە هەمان ئەندازەی وردیی پێکانی ئامانجەکانیان. هەروەها، هۆشداریی پێ دان کە سروشتی شەڕ پشێوی و ژاوەژاوە، بۆیە پێویستە ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن، پشت بە مەشقە ئاست بەرزەکانیان ببەستن و وەک قەڵغان و سەرچاوەی پاراستن بۆ یەکتر کار بکەن.