خەبات – عەلی بانیشاری:- لەم وەرزەدا گژوگیای بەهارە خواستێكی زۆری لەسەرە و خەڵكی چەندین كیلۆمەتر دەبڕن بۆ بڕین و هەڵكەندنی یان كڕینی چەند چەپكێك لە گژوگیای بەهارە. ئەگەرچی نرخەكەی گرانە، بەڵام لە بازاڕەكاندا ناكەوێتە زەوی و زوو ساخ دەبێتەوە. دوكاندارێكی قەزای خورماڵ زیاتر لە 15 ساڵە گژوگیای بەهارە دەفرۆشێت و دەڵێت: لەم ڕۆژگارەدا هاووڵاتیان بەدوای خواردنی تەندروستدا دەگەڕێن، گژوگیای بەهارەش تەندروستین خواردنە، بۆیە خواستێكی زۆری لەسەرە.
پشتیوان مستەفا، دوكاندارێكی شارۆچكەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە گژوگیای بەهارە دەفرۆشێت. ئەو بە (خەبات)ـی گوت: لە كۆتایی مانگی 12 تاوەكو مانگی شەش گژوگیای بەهارە لە شاخەكانی هەورامان هەیە و هاووڵاتیان بەشێكیان بۆ خۆیان دەچن لێ دەكەنەوە و بەشێكی دیكەشیان لە بازاڕدا دەیكڕن. دەشڵێت: خەڵك هەیە لە شارەكانی دیكەوە دێتە خورماڵ بۆ كڕینی گژوگیای بەهارە، خواستێكی زۆری لەسەرە. ئەو گژوگیایەی لێرە هەیە لە شوێنەكانی دیكە نییە یان زۆر كەمە، بەو پێیەی شاخەكانی هەورامان دەیانجۆر گژوگیایان لێ سەوز دەبێت.
گوتیشی: بەشێك لە خەڵكی گژوگیای بەهارە وەكو چارەسەر بۆ چەندین نەخۆشی بەكاردێنێت، لەوانە بەڕەزا بۆ نەخۆشیی گورچیلە، هەروەها كنگر دۆڵەمەندە بە چەندین ماددەی كانزایی و ڤیتامین و هێزی هەرس زیاد دەكات. زیاتر گوتی: هۆكاری گرانی نرخی گژوگیای بەهارە پەیوەندی بەوە هەیە لێكردنەوە و بڕینی بەشێك لەو گژوگیایانە ئاسان نییە و لە شوێنی سەختدا دەڕوێت بۆ نموونە بەڕەزا.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێك لە خەڵكی ناوچەی هەورامان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو گژوگیایانەیە كە لە شاخەكانی ناوچەكە دەڕوێن. باسیلەوەشكرد، خەڵكی لە شارەزوو و دەربەندیخان و سەیدسادق و چەندین شوێنی دیكە ڕوو لە شاخەكانی هەورمان و سورێن دەكەن بۆ هێنانی گژوگیای بەهارە. ئەوەشی گوت: گژوگیای بەهارە بۆنێكی تایبەتی هەیە و زۆر كەس ئارەزووی ئەوە دەكات ئێوارانی ڕەمەزان لەسەر سفرەكەی هەبێت.
یادگار عەبدول، یەكێكی دیكە لە دوكاندارەكانی بازاڕی خورماڵ و ئەویش مێژوویەكی كۆنی لەگەڵ فرۆشتنی گژوگیای بەهارە هەیە. دەڵێت: ماوەی زیاتر 10 ساڵە لەم وەرزەدا چەندین جۆر گژوگیای بەهارە دەفرۆشین و كڕیاری تایبەتی خۆمان هەیە. لە دوكانەكەی یادگار (هاز، خوژە، ڕێواس، گۆزروانە، بەڕەزا، گێلاخە، ڕوسقە) و چەندین جۆری دیكە لە گژوگیای بەهارە بوونی هەیە. ئەو دەشڵێت: گژوگیای بەهارە خاوێنە تەنانەت پێویست بە شۆردنەوە ناكات و لەسەر گەدە قورس نییە و ئاسان هەرس دەبێت.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، جگەلە لە خەڵكی شارۆچكەكە و دەوروبەری پارێزگای هەڵەبجە، گەشتیاران كڕیاری بەردەوامی گژوگیای بەهارەن. وەكو ئەو دەڵێت ((خورماڵ بە گژوگیای بەهارە و سەوزەی خاوێن ناوی ڕۆیشتووە)). یادگار دەڵێت: كاتێك گژوگیای بەهارە پێدەگات بازاڕی خورماڵ جمەی دێ لە كڕیار و هەر زوو ئەوەی لە بازاڕەكەدا هەیە ساخ دەبێتەوە. بەوتەی ئەو دوكاندارەی بازاڕی خورماڵ، گژوگیای شاخەكانی هەورامان تەنیا لە بازاڕی خورماڵ ساخ ناكرێتەوە، بەڵكوو لە بازاڕەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و شارەزوور و چەند ناوچەیەكی تریش كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە.











