خەبات: هێمن ئاری:- عومەر شوان، یەکێک لە میوزیکژەنە گەنج و بە تواناکانی شاری هەولێرە، لە نێو ئامێرەکانی میوزیکیش ئامێری گیتار دەژەنێت و زەوق و سەلیقەیەکی جوانی لە ژەنینی ئەم ئامێرەدا هەیە. ئەو میوزیکژەنە لە دیدارێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە بواری میوزیک و کارکردنی خۆی لەم بوارەدا داینەوە.

سەرەتا لەبارەی ئەو حەز و خولیایەی بۆ هونەر و بواری میوزیک هەیبوو، لە وەڵامێکی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: من لە دایکبووی شاری هەولێرم، قوتابیی قۆناغی چوارەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێرم لە بەشی میوزیک و ژەنیاری ئامێری گیتارم. گوتیشی لە ئێستادا سەرقاڵی کاری هونەری و بلۆگەرم لە سۆشیال میدیا، لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی بڵاوکردنەوەی چالاکییە هونەرییەکانمم و بابەتە جیاجیا و هۆشیارییەکان و بابەتەکانی گەشەپێدانی مرۆیی بڵاو دەکەمەوە و لەسەریان دەدوێم بە شێوازی تایبەت بەخۆم. سەبارەت بەو حەز و خولیایەی بۆ هونەر هەیەتی ئەو میوزیکژەنە گوتی: من لە بنەماڵەیەکی تا ڕادەیەک هونەری و هونەردۆست پەروەردە بووم، وەک زۆربەی میوزیکژەنان و هونەرمەندان، میوزیک خولیا و حەزی منداڵیم بووە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ – ٢٠١٠ لە ڕێگەی چالاکییەکانی شانۆ و گۆرانی منداڵان دەستم پێکردووە، بەشداریی ئاهەنگ و بۆنەکانی منداڵانم کردووە بە چەندین رۆڵی جیاجیا هونه‌ری. ئیتر لەوێوە بەردەوامیم بە هونەرەکەم داوە، سەبارەت بەوەی بۆچی ئامێری گیتارت هەڵبژارد؟ عومەر شوان گوتی: بەر لەوەی دەست بە ژەنین بکەم و میوزیک بخوێنم, حەزێکی زۆرم بۆ فێربوونی ئامێری گیتار هەبوو, هەستم دەکرد زیاتر لەو ئامێرە هەستەکانم دەدۆزمەوە.

سەبارەت بەوەی پەیمانگە و کۆڵێژی هونەرە جوانەکان، تاچەند ڕۆڵی لە پێگەیاندنی هونەرمەند هەیە گوتی: زۆر تا کەم ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی کەسانی بەهرەمەند، بەبڕوای من ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە سەر خودی قوتابی و کەسی بەهرەمەند خۆی دەبێ هەوڵبدات و لە کۆششی زیاتر بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خۆی زیاتر پێبگەیەنێت، هەروەها سەبارەت بە بەرهەمەکانی گوتی: لە ساڵانی ڕابردوو چەندین بەرهەمی گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی تایبەت بە خۆمم هەبووە، یەکەمین بەرهەمی گۆرانیم بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکردۆتەوە، لە ئێستاشدا خەریکی بەرهەمێکی تایبەتم، ئەگەر خودا تەمەن بدات بەنیازە بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ پێشکەشی بکەم.