
خهبات: ڕووداوی رۆژ:- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مادەی پێنجەمدا باس لە زمانحاڵی پارتی كراوە و تیایدا هاتووە: (زمانحاڵی پارتی پێكدێت لە دوو رۆژنامەی ناوەندی: خەبات بە زمانی كوردی و التاخی بە زمانی عەرەبی و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی KDP.info)” ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان (KDP.info) ماوەی 15 ساڵە بە گوتارێكی نیشتیمانییانە و ڕاستگۆیانە گوزارشت لە دیدوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەمبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان دەكات و لەم ماوەیەشدا ژمارەیەكی بەرچاوی نووسەر و رۆشنبیرانی كورد، بە وتار و نووسین بەشدارییان لە ڕەوتی میدیایی KDP.info كردووە و سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوی ڕاست و دروستی هەواڵ و زانیارییەكانیش بووە” خەبات لە ساڵڕۆژی دامەزاردنی KDP.infoـدا، دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ (بەكر ئیبراهیم) بەڕێوەبەری ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان سازداوە، كە تیایدا باس لە دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاییندەی ماڵپەڕەكەیان دەكات و تیشک دەخاتە سەر کاروانی پازدە ساڵەی ئەم سەکۆیە میدیاییە و ئاماژە بەوە دەکات کە KDP.info تەنیا میدیایەکی هەواڵنێری نەبووە، بەڵکو قوتابخانەیەکی سیاسی و پارێزەرێکی سەرسەختی دەستکەوتە نیشتمانییەکان بووە.
خەبات: KDP.info چییە و ئامانجە بنەڕەتییەکانی چین؟
بەکر ئیبراهیم: KDP.info تەنیا هەواڵ یان پلاتفۆرمێک بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا مینبەرێکی سیاسیی ڕەسەن و قوتابخانەیەکی فیکرییە کە لەسەر بنەمای گوتارێکی نیشتمانیی پتەو کار دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئێمە تەنیا گەیاندنی هەواڵ نییە، بەڵکو شیکردنەوەی ڕووداوەکانە لە تێڕوانینێکی کوردستانییانەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گوتارە چەواشەکارانەی کە ئامانجیان لێدانە لە یەکڕیزیی نیشتمانی و لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە، KDP.info لەم پازدە ساڵەدا پاسەوانی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە، ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمان بەدی هاتوون. ئێمە خۆمان بە پارێزەری کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەکەمان دەزانین.
خەبات: ئێستا 15 ساڵ بەسەر دامەزراندنی KDP.info تێدەپەڕێت، ئێوە چۆن لەم کاروانە دەڕوانن؟
بەکر ئیبراهیم: ئێستا کە یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەینەوە، تەنیا یادکردنەوەی پلاتفۆرمێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکی پازدە ساڵ لە بەردەوامی و خۆڕاگریی گوتارێکی سیاسیی بەرپرسیارانەیە. لەم پازدە ساڵەدا، ئێمە شایەتحاڵی گۆڕانکاریی گەورە و وەرچەرخانی مێژوویی بووین، لە شەڕی داسەپاوی داعش و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە، تا گەیشتن بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و سەرهەڵدانی دیاردەی مەترسیداری هەواڵی ساختە و میدیای سێبەر. لەنێو هەموو ئەم گەردەلوولانەدا، KDP.info وەک قەڵغانێکی میدیایی پتەو ڕاوەستاوە. لە ساڵی 2011ـەوە، قیبلەنومای کارەکانمان ڕوون و نەگۆڕ بووە: گەیاندنی دەنگی ڕاستی بە ماڵی هەموو كوردستانییەك و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستە ستراتیژییەکانی پارتی و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ڕای گشتیی ناوخۆ و جیهان.
خەبات: بنەمای یاسایی و حزبیی دامەزراندنی ماڵپەڕەکە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
بەکر ئیبراهیم: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بەپێی بڕیارێکی ستراتیژیی کۆنگرەی 13ی پارتیمان لە ساڵی 2010 دامەزرا. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی پارتی بوو لە گرنگیی میدیای دیجیتاڵی لە سەردەمی نوێی تەکنەلۆژیادا. دواتر لە کۆنگرەی 14ـشدا کە ساڵی 2022 لە دهۆک بەسترا، پێگەی ئەم ماڵپەڕە زیاتر چەسپێندرا و لە پەیڕەوی ناوخۆدا (ماددەی 5) وەک یەکێک لە زمانحاڵە فەرمییەکانی پارتی، لەپاڵ ڕۆژنامەی دێرینی (خەبات) و (التاخی) جێگیر کرا. ئەمە شەرعییەتێکی میدیایی و سیاسیی بەهێزی بە ماڵپەڕەکە بەخشی و ئەرکی ئێمەی قورستر کرد بۆ پاراستنی ئەم پێگە فەرمییە.
خەبات: زۆر جار باس لە «ئیتیكی ڕۆژنامەگەری» دەکرێت، ئێوە لە ئەدای كاری میدیاییدا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ ئەم پرسە کردووە؟
بەکر ئیبراهیم: پارتی وەک حزبێکی خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی، هەمیشە بایەخی بە ئازادیی بەرپرسیارانە داوە. لە ماددەکانی 63 و 64ـی پرۆگرامی پارتیدا، جەخت لە پاراستنی ئازادیی ڕاگەیاندن و پابەندبوون بە ئیتیكی ڕۆژنامەنووسی کراوەتەوە. ئێمە وەک KDP.info، ئەمەمان کردۆتە بناغەی کارەکانمان. پابەندین بەو پرەنسیپانەی کە جەخت لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ دەکەنەوە. لەم سەردەمەی سۆشیال میدیادا کە زۆرجار پشێوی و چەواشەکاری باڵی بەسەردا کێشاوە، ئێمە هەوڵمان داوە میدیایەکی هێمن، بابەتی، و بنیاتنەر بین، نەک بەشێک لە ئاژاوە. ئامانجمان دروستکردنی ڕای گشتیی هوشیارە، نەک تەنیا ورووژاندنی هەست و سۆز.
خەبات: کارکردن لە ماڵپەڕێکی فەرمیی حزبی، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ میدیاکانی تر؟
بەکر ئیبراهیم: جیاوازییەکە لە زەوی تا ئاسمانە. ئێمە هەڵگری ناوێکی گەورە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەریین؛ ئێمە زمانحاڵی حزبێکین کە مێژووەکەی بە خوێنی پێشمەرگە و تێکۆشانی جەنابی سەرۆک بارزانی و ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانیی نەمر نووسراوەتەوە. بۆیە ئەرکی سەرشانمان زۆر قورسە و دەبێت کارەکانمان لە ئاستی ئەو قوربانیدان و گەورەیییەدا بێت. ئەرکی ئێمە تەنیا هەواڵسازی نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامێکی سیاسیی ڕوون و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە کە نەوە لەدوای نەوە خەباتی بۆ کردووە. KDP.info سەکۆیەکە کە خەون و ئامانجە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە. تەنانەت ئێمە هەمیشە دەرگامان واڵا بووە بۆ دەنگی ئەو لایەن و کەسایەتییانەی دەرەوەی پارتیش، بەو مەرجەی خاوەن پڕۆژەیەکی نیشتمانیی بووبن و لە خەمی بەرژەوەندیی باڵای کوردستاندا بووبن.
خەبات: لە سەردەمی خێرایی و لافاوی زانیاریدا، چۆن متمانەی خوێنەرتان پاراستووە؟
بەکر ئیبراهیم: لەم سەردەمەدا کە زانیاری وەک لافاو بەسەر بەکارهێنەراندا دەبارێت و ڕاست ودرۆ تێکەڵ بوون، KDP.info وەک چرایەکی ڕێنوێن و لەنگەرێکی سەنگین خۆی سەلماندووە. ئێمە هەرگیز نەمانهێشتووە «گوتی گوتی» و «وا دەڵێن» و «ڕەنگە» و «لەوانەیە»، ببێتە هەواڵ لە سەکۆی ئێمەدا، چونکە لە زانستی ڕاگەیاندن و یاساشدا ئەمانە بەڵگە نین. ڕاشکاوانە دەیڵێم: بۆ ئێمە، هەواڵی ڕاست و کەمێک دواکەوتوو، زۆر باشترە لە هەواڵێکی خێرا و گوماناوی. مەرج نییە هەموو هەواڵێک لای ئێمە هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی لای ئێمە بڵاودەبێتەوە، تەنیا وێنە ڕاستەقینەکەی ڕووداوەکەیە. متمانەی خوێنەران و شوێنکەوتووانمان گەورەترین و بەنرخترین سەرمایەی ئێمەیە و بە هیچ شتێکی دیکەی ناگۆڕینەوە.
خەبات: بۆ ئاییندە، پلان و پەیامی ئێوە چییە؟
بەکر ئیبراهیم: ئێمە بەڵێن بۆ خوێنەرانمان و بە گەلی کوردستان دووپات دەکەینەوە کە وەک پارێزەرێکی دڵسۆزی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و پارێزەری گوتاری نیشتمانی دەمێنینەوە. بە هەمان وزە، هەمان ڕەسەنایەتی و بە دیدگایەکی نوێوە، بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتری تەکنیکی و میدیایی هەنگاو دەنێین. پلانمانە سوودی زیاتر لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرین و کاریگەریمان لەسەر سۆشیال میدیا قووڵتر بکەینەوە، بە تایبەت بۆ گەیاندنی پەیامی ڕەوای کورد بە گەل و وڵاتانی دیكەی جیهان. لە کۆتاییدا، سوپاسی بێپایانی هەموو ئەو نووسەر، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس و کادیرە دڵسۆزانە دەکەم، کە لەم پازدە ساڵەی ڕابردوودا بە وشە و بیر و بازوویان هاوکار و پشتیوانمان بوون.