لە رۆژی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ دووجار هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، “هێرشەکە بەراورد بە پێشتر بەهێزتر بووە.”
شێروان جەلال، قایمقامی هەریر ئەمڕۆ یەکشەممە رایگهیاند “هێرشی یەکەم کاژێر 04:43ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە و هێرشی دووەمیش کاژێر 08:15 بووە.”
بەهۆی هێرشەکانەوە دووکەڵ لە ئاسمانی قەزاکە دەبیندرێت. قایمقامی هەریر گوتی، “هەردوو هێرشەکە فڕۆکەخانەی هەریریان کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکی نەبووە.”
لەبارەی جۆری هێرشەکانەوە شێروان جەلال ئاماژەی بەوە کرد، “هێرشەکان بەراورد بە هێرشەکانی پێشوو بەهێزتربوون، گومانەکان زۆری بۆ ئەوەن درۆن بووبێت.”
ئەمە یەکەم هێرش نییە دژی هەریر و هەولێر، لە دوێنێوە زیاتر لە 10 هێرشی هاوشێوە کراون و زۆرینەیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە، کە هێزی هاوپەیمانان لە بەشێکیدان.