کورد لەنێوان ستەم و داخوازیی ئازادی خوێندنەوەیەک بۆ دیالێکتیکی شوناس و بوون

141

هەورامان عەلی تۆفیق
لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاتێک نەتەوە و شوناسەکان تێکەڵ دەبن و بەرژەوەندییەکان بەریەک دەکەون، نەتەوەی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی بەرکەوتەی کارەساتە مرۆییە هەرە بەردەوامەکانی مێژووی هاوچەرخە، گەلێک، کە ژمارەی زیاتر لە پەنجا ملیۆنە و خۆی لە چوار وڵات دەبینێتەوە- تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران- دەوڵەتێکی یەکگرتووی نییە بۆ ئەوەی ناسنامەکەی لە ئامێز بگرێت و ببێتە پارێزەری بوونی خۆی، ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە، بەڵکوو بەرهەمی مێژوویەکە بە دابەشبوونێکی زۆرەملێ و سڕینەوەیەکی سیستماتیکی و ئینکاریکردنی بەردەوامی مافە نەتەوەییە بنەڕەتییەکانی کورد.
ڕەگ و ڕیشەی کارەساتەکان… کێ ئەم واقعەی دروست کردووە؟
ناکرێت خوێندنەوە بۆ دۆخی کورد بە دابڕان لەو ڕێڕەوە مێژووییەی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوە بکەین، لەگەڵ ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، پەیمانی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠، بەڵێنی دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی درا، بەڵام پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، ئەم خەونەی نەهێشت و نەخشەی ناوچەکەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی زلهێزە سەرکەوتووەکان دووبارە کێشایەوە، لێرەدا بە تەواوی ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ خرا.
لەو ساتەوەختەوە کورد لەهەر وڵاتێکدا، کە تێیدا نیشتەجێ بووە، خۆی وەک کەمینەیەک بینییەوە و ملکەچی سیاسەتی بە عەرەبکردن لە عێراق و سوریا، و تورکبوونی لە تورکیا و فارسبوونی لە ئێراندا بوو، لەهەر حاڵەتێکدا لۆژیک وەک یەک بوو، تا ناسنامەی کورد لە ناسنامەی دەوڵەتی داگیرکەردا بتوێتەوە، بۆیە هەر دەربڕینێکی کەلتووری یان زمانەوانیی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتیی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە هه‌ژمار کراوە.
هەڵوێستی عەرەب لەنێوان توندڕەوی و ئینکاریدا
لێرەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەکی ئاڵۆز دەبینەوە، ئەویش هەڵوێستی هەندێ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەب بەرانبەر بە بوونی کورد، لەبری ئەوەی ئەزموونی هاوبەش لەو داگیرکاری و پەراوێزخستنانەی لە مێژوودا نەتەوەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی بوونەوە ببێتە هۆی هاودەنگیی ڕاستەقینە لەنێوان گەلانی ستەم لێ کراو، ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە هەندێک دەرکەوتەکانیدا گۆڕاوە بۆ ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی کەمینەکان، نموونەی عەرەبی شیعە لە عێراقدا، کە ڕژێمی پێشووی بەعس وەک کورد شیعەکانی چەوساندەوە، بەڵام کاتێک شیعە لە عێراقدا بووە باڵادەست و زۆرینە، ئەوەی خراپە بە کوردی دەکەن، خراپتر لەوەی ڕژێمی پێشوو، بەڵام بە شێوازێکی دیکە، واتا شۆڤێنییەت لە ناخی نەتەوە سەردەستەکاندا بوونی هەیە.
ڕەنگە گەورەترین جیاوازیی ئەوە بێت، کە ناسیۆنالیزمی عەرەبیی ئاڵای ڕزگاری و سەربەخۆیی لە دژی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوای بەرز کردەوە، ئەوەش لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد پەنای بۆ خودی لۆژیکی هەژموونی دەسەڵاتی خۆی برد.
بزووتنەوە کوردییەکان لەنێوان چەک و سیاسەتدا
بۆ تێگەیشتنی دادپەروەرانە لە بزووتنەوە کوردییەکان، پێویستە دان بەوەدا بنرێت، کە لە بۆشاییدا سەریان هەڵ نەداوە، بەڵکوو لە خاکی چەوساندنەوە و وەدەرنانیدا سەریانهەڵ داوە، کاتێک دەرگای خواستی ئاشتییانە و بەشداری سیاسی بە ڕووی گەلاندا دادەخرێت، تەنها یەک ڕێگایان بۆ دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی بزووتنەوە کوردییەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان هەوڵیان داوە لە چوارچێوەی سیستمە هەبووەکاندا خەریکی کردەوەی سیاسیی بن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، پێش ئەوەی بە زۆرەملێ و بەزۆر ناچاربکرێن ڕوو لە خەباتی شۆڕشگێڕیی بکەن.
ڕەنگە ئەزموونی کوردستانی عێراق نموونەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بکات بەو پێیەی کورد توانای خۆی نیشانداوە بۆ بونیادنانی دامەزراوەی حکومڕانیی کاریگەر و بەڕێوەبردنی ئابوورییەکی گەشەسەندوو و پێکەوە ژیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە سەرەڕای هەموو فشارەکان.
پرسیی دان پێدانان، کەی دێت؟
واقعی کورد پرسیارێکی قووڵی ئەخلاقی و سیاسیی دەخاتە ڕوو تا کەی مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای حیساباتی جیۆپۆلەتیکی و بەرژەوەندیی ستراتیژی دەمێنێتەوە؟
ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی وەک بنەمایەکی بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی ناساندبێت، بۆچی نەتەوەی کورد لەو پرەنسیپە بەدەر دەکرێت؟ وڵامی ڕاست و دروست ئەوەیە، کە هێشتا بەرژەوەندییەکان لە پێش بەهاکانەوەن و لۆژیکی دەوڵەتی نەتەوەیی، کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کێشاوە، بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوەی سیاسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
بەڵام مێژوو وانەیەکی لەبیرنەکراومان پێ دەڵێت، ئەو گەلانەی لەژێر بنەمای ئینکاری و چەوساندنەوەی بەردەوامدان، ئەوا هەمیشە زیندوو دەژین، شکستیان پێ ناهێنرێت؛ بەڵکوو ناڕەزایەتییەکانیان کەڵەکە دەبن تاوەکوو لە هەندێک کاتدا دەتەقنەوە، کە کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە، بۆیە داننان بە مافەکانی کورد ئیمتیازێک نییە لە لایەن دەوڵەتانی پەیوەندیدارەوە، بەڵکوو پێش هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیان دایە.
بەرەو داهاتوویەکی جیاواز، ئەگەرەکانی پێکەوەژیان
مەرج نییە چارەسەر لە دووبارە کێشانەوەی نەخشەدا بێت، بەڵکوو لە ڕێبازی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتردا بێت، لەوانە ناسینی تەواوەتی شوناسی کورد لە زمان، کەلتوور و پەروەردە، پێدانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەقینە بە ناوچە کوردنشینەکان، کە کورد دەسەڵاتدار بکات بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی؛ چالاکانە بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی نیشتمانیدا و دامەزراندنی پەیوەندییەکان، کە لەسەر هاوبەشی بونیاد بنرێن، نەک باڵادەستی.
ئەزموونە سەرکەوتووەکانی مرۆڤ وەک لە چەندان مۆدێلی پێکەوەژیان و فیدراڵیزمدا لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت، دەریانخستووە، کە فرەچەشنی سەرچاوەی لاوازیی نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنە و ئەو دەوڵەتانەی، کە فرە کەلتووریی خۆیان لە باوەش دەگرن، جێگیرتر و خۆ ڕاگرترن.
پرسی کورد، لە ناوەرۆکدا کێشەیەکی ئەمنیی نییە بەهێز چارەسەر بکرێت، نە هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی نەتەوەیی، کە بە سەرکوت بەرەو ڕووی ببنەوە، بەڵکوو بانگەوازێکی بنەڕەتییە بۆ هەڵسەنگاندنەوەی سیستەمی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا ئەقڵەکان لە لۆژیکی هەژموون ڕزگار نەکرێن و دڵی سیاسەتمەدار و گەلان چەمکی کەرامەتی هاوبەشی ئینسانی لە باوەش نەگرن، بۆیە توندوتیژی و ناسەقامگیریی بەردەوام دەبێت و سێبەری خۆی بەسەر هەموو ناوچەکەدا هەڵ دەدا.