سهرهتا وتار سەرۆك مەسعود بارزانی… لێوەگەڕ و ڕابەری پەڕینەوە بەرەو كەناری ئاشتی
دڵشاد محەمەد ئەحمەد
لە ساتە چارەنووسسازەكانی مێژووی گەلاندا، پرسیارەكە ئەوە نابێت: كێ لە پێشەوەی دیمەنەكەدایە؟ بەڵكوو: كێ خاوەنی دانایی، ڕەوایەتی و ئەزموونە، بۆ ئەوەی ئاراستەكە بپارێزێت و ڕێگریش لە شكان بكات؟ گەلی كورد ئەمڕۆكە، لە ناوەڕاستی گۆڕانكارییە ناوخۆییە وردەكان و هاوسەنگییە هەرێمییە ئاڵۆزەكاندا، پێویستی بە سەركردایەتییەك هەیە، كە بزانێت چۆن سەوڵەكە بە توندی بگرێت و چۆن كەشتییەكە بەرەو كەناری ئاشتی بپەڕێنێتەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری نەگۆڕەكان بێت، یان سەركێشیی بە دەستكەوتەكانەوە بكات.
لەم چوارچێوەیەدا، ناوی سەرۆك مەسعود بارزانی، وەكوو كەسایەتییەك دەردەكەوێت، كە خاوەنی دەڤانەكێكی خەباتگێڕی، ئەزموونێكی سیاسی و پێگەیەكی سیبمولییە، كە شایستەی ئەوەی دەكات، ببێتە لێوەگەڕێكی كۆكەرەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ئامادەیی مەسعود بارزانی لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، هەرگیز ئامادەییەكی ڕاگوزەر یان لەناكاو نەبووە، بەڵكو درێژكراوەی قوتابخانەیەكی خەباتگێڕی دێرین و ئەزموونێكی سیاسی درێژخایەن بووە؛ كە لە گۆڕەپانەكانی تێكۆشانەوە دەستی پێكرد و تاكو بنیاتنانی دامەزراوەكان، چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزكردنی پێگەی كوردستان، لە هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا درێژ بووەوە. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، سەلماندی كە سەركردایەتیكردن تەنیا هەڵچوون نییە، بەڵكو هاوسەنگییە لە نێوان نەگۆڕی و نەرمی و لە نێوان خەونی نەتەوەیی و هەڵكەوتەی سیاسیدا.
قسەكردن لەسەر (كەناری ئاشتی)، تەنیا دەربڕینێكی ڕەوانبێژی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی نیشتمانییە، كە پێویستی بە مەرجی ڕوون هەیە:
– یەكخستنی ڕیزەكانی ناوخۆ.
-پێشخستنی بەرژەوەندی باڵا بەسەر هەژمارە حزبییەكان.
– بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و داناییەوە.
– بنیاتنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، كە مافەكان بپارێزێت و پێكدادانی لەبەرچاو نەگیراویش دوور بخاتەوە.
ئەم هاوكێشە وردە، پێویستی بە كەسایەتییەك هەیە، كە لەلایەن زۆرینەوە بەگەنكراو بێت، خاوەن ئەزموونی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان بێت، توانای ئەوەیشی هەبێت، لە كاتی توندبوونی ناكۆكییەكاندا، ببێتە خاڵی بەیەكگەیشتن. لێوەگەڕی سیاسیی، بە مانای قۆرخكردنی بڕیار نایەت، بەڵكوو بە مانای پاراستنی قیبلەنما، ڕێگریكردن لە پەرتەوازەیی و دابینكردنی چەترێكی كۆكەرەوەی نیشتمانیی دێت.
گەلی كورد ئەمڕۆكە پێویستی بە دابەشبوونی زیاتر نییە، بەڵكوو پێویستی بە چەسپاندنی سەقامگیری، بەهێزكردنی ئابووری و پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان هەیە، كە بە قوربانییەكی زۆرەوە بەدی هاتوون. هەر قۆناغێكی گواستنەوەیش لە مێژووی گەلاندا، پێویستی بە پیاوانی گەورە هەیە، كە لە كاتی تەنگانەدا، دلێر بن و لە كاتی هۆشمەندیشدا، دانا بن.
سەرۆك مەسعود بارزانی، بەو ئەزموونە قووڵە، قورساییە سیاسییە و پێگە چەسپاوەی لە ویژدانی بەشێكی زۆری ڕۆڵەكانی گەلی كورددا هەیەتی، وەكوو یەكێك لە دیارترین ئەو ناوانە دەمێنێتەوە، كە توانای گێڕانی ڕۆڵی لێوەگەڕی سیاسییان لەم قۆناغەدا هەیە. ئەمەش لەمیانی سۆزەوە نییە، بەڵكوو لەمیانی خوێندنەوەی كەتوار، ئامادەكردنی مێژوو و تێگەیشتن لە سروشتی ئاڵنگارییەكانەوەیە:
– كەناری ئاشتی بە دروشمەكان دروست ناكرێت، بەڵكوو بە دیدگاوە.
– بە دەنگی بەرز ناپارێزرێت، بەڵكوو بە داناییەكی هێمنەوە.
– بە زیادكردنەكان بنیات نانرێت، بەڵكوو بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانییەوە.
لە سەردەمی گۆڕانكارییەكاندا، كوردستان پێویستی بە سەركردایەتییەك هەیە، كە ئاشنای ڕێگەی چیاكان بێت، وەك چۆن ئاشنای ڕێڕەوەكانی سیاسەتە… سەركردایەتییەك كە بەرگری لە كەرامەت بكات، دەستكەوتەكان بپارێزێت و ئومێد لە دڵی ڕۆڵەكانیدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
ئەوە بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە… و ئەوە ڕاسپاردەی مێژووە.
* زانای ئایینی.
و: ڕەمزی میرەكانی
لێوەگەڕ: (مەرجەع)، دڤانەك: (ڕەسید)، بەگەن: (قبوڵ)، كەتوار: (واقیع).