سهرهتا وتار یەکێتی قوتابیان و لاوان لە مێژووی زیندووی گەلی کوردستاندا
شێخ ستار عەواڵانی
هەندێک وێستگە هەن کە وەک ڕووداوێکی ئاسایی ناتوانرێت لێیان بڕوانرێت، بەڵکو ئەوانە دەرەنجامی بڕیارێکی ستراتیژی و دیدگایەکی وردبین بوون بۆ تێگەیشتن لە هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری. دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان لاوان لە ١٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٣دا، تەنها لەدایکبوونی ڕێکخراوێك نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەلسەفەیەکی نوێ بوو لە خەباتی نەتەوەییدا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا نرا کە ناوچەکە لەناو گێژاوی سیاسی و هەوڵە چەوسێنەرەکاندا بوو، بەڵام حیكمەتی ڕێبەری نەتەوەیی و باوکی روحی گەلی کورد بارزانیی نەمر لەوەدا بوو کە زانی كلیلی سەرکەوتن و بەردەوامیی دۆزی کورد، لەناو دەستی نەوەی خوێندەوار و لاوی وڵاتدایە. لێرەوە بوو کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە قاڵبی خەباتی ناوخۆییەوە بەرەو دامەزراوەییبوون و مۆدێرنیتەی سیاسی هەنگاوی نا.
ڕێبەری نەتەوەیی بارزانیی نەمر ئەندازیاری پێگەیاندنی مرۆڤی کورد کاتێک ئاوڕ لەو مێژووە دەدەینەوە، تێدەگەین کە ڕێبەری نەتەوەیی تەنها وەك سەرکردەیەك سەیری شۆڕشی نەدەکرد، بەڵکو وەک پەروەردەکارێک و پێشەنگێکی کۆمەڵایەتی درکی بەوە کردبوو کە شۆڕش پێش ئەوەی چەک بێت، هۆشیارییە؛ پێش ئەوەی بەرگری بێت لە خاک، بەرگرییە لە عەقڵ و ناسنامە، ڕێبەری نەتەوەیی بە بڕواو و متمانەیەکی بێپایانەوە ئەرکی ڕێکخستنی جەماوەری و سیاسیی سپاردە دەست قوتابیان و لاوان، چونکە دەیزانی ئەم توێژە خاوەنی وزەیەکی بێبڕانەوە و ئیرادەیەکی پاکن. ئەو دیدگایەی جەنابیان بووە هۆی ئەوەی کە قوتابیانی کورد لە زانکۆکان و شارەکاندا، ببنە باڵیۆزی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و دەنگی مەزڵومیەتی کورد بە جیهان بگەیەنن. ئەم فەلسەفەیە فێری کردین کە “قوتابخانەو سەنگەر دوو ڕووی یەک دراون بۆ گەیشتن بە ئازادی.
قوتابیان و لاوان؛ داینەمۆی نوێبوونەوەی شۆڕش لەو کاتەوەی ئەم دوو ڕێکخراوە دامەزراون ، مێژووی خەباتی کورد ڕەنگ و بۆیەکی نوێی گرتووە و لاوان بوونە ئەو خوێنە نوێیەی کە بە دەمارەکانی تێکۆشاندا دەگەڕان . لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا، هەر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە تا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٩١، ئەم دوو توێژە وەک “کارگەی بەرهەم هێنانی کادیری پێشکەوتوو” ڕۆڵیان بینیوە.
ئەوان تەنها قوتابی نەبوون، بەڵکو کاتێک نیشتمان بانگی دەکردن، قەڵەمیان دەگۆڕییەوە بە چەک و لە چیا سەرکەشەکاندا داستانی قوربانییانیان دەنووسییەوە. ئەم ئاوێتەبوونەی نێوان زانست و خەباتی شۆڕشگێڕی، فەلسەفەی هزری بارزانی نەمر ڕێبەری نەتەوەیی بوو کە تێیدا لاوی کورد فێر دەبوو چۆن بە عەقڵێکی کراوەی پڕلە زانست و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی نیشتمانەوە خزمەت بکات. ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەو سەرکردە و دیپلۆماتکارانەی کە لە ناوەندە بڕیاردەرەکاندا نوێنەرایەتیی کورد دەکەن، دەرچووی ئەو قوتابخانە پڕ لە سەروەرییەن کە باوکی روحی نەتەوەکەمان بارزانیی نەمر بناغەکەی داڕشت.
سەنگی سیاسی لە هاوکێشە نیشتمانییەکاندا ڕۆڵی سیاسیی قوتابیان و لاوان تەنها لە چوارچێوەی ڕێکخراوەییدا نەمایەوە، بەڵکو بوونە هێزێکی کاریگەر لە داڕشتنی ڕای گشتی و پاراستنی کۆمەڵگە لە ئایدۆلۆژیا نامۆکان.
لە کاتێکدا ڕژێمە داگیرکەرەکان هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کوردییان دەدا، قوتابیان و لاوان لە ناوەندەکانی خوێندن بوونە بەربەستێکی پۆڵایین. ئەوان مێژوویەکیان تۆمار کرد کە تێیدا فێربوون و فێرکردن جۆرێک بوو لە تێکۆشان. ئەمڕۆش کە هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی دەستووری و سیاسییە، ئەم قورساییە زیاتر هەستی پێ دەکرێت؛ چونکە پاراستنی ئەم قەوارەیە پێویستی بەو هۆشیارییە سیاسییە هەیە کە لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا گەشەی کردووە. ئەرکە ستراتیژییەکانی نەوەی ئەمڕۆ لە سایەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیدا لە ئێستادا کە جیهان لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە و جەنگی نەرم و تەکنەلۆژیا کایە سیاسییەکانی داگیر کردووە، ئەرکی قوتابیان و لاوان لە جاران قورسترە. ڕێبازی پیرۆزی بارزانی پێمان دەڵێت کە پێویستە هەمیشە لەگەڵ سەردەمدا بڕۆین بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ڕەسەنایەتی و بنەما نەتەوەییەکانمان ببین.
لاوانی ئەمڕۆ دەبێت لە ڕێگەی داهێنان، تەکنەلۆژیا و زانستەوە، درێژەپێدەری ئەو خەباتە بن کە باوک و باپیرانیان بە شۆڕش دەستیان پێ کرد. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەهێزکردنی دامەزراوەکان، و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گوتارە ژەهراوییانەی کە دەیانەوێت بێهیوایی لەناو گەنجاندا بچێنن، گەورەترین وەفادارییە بۆ یادی ١٨ی شوبات و بۆ ئەو ڕێبازە پیرۆزەی کە باوکی روحی نەتەوەکەمان بارزانیی نەمر بۆی کێشاین.
لە یادی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە ١٨ی شوبات تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی میساقێکی نەتەوەییە لە نێوان ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و میللەت. مێژووش سەلماندی کە ئەم دیدگایە ڕاستترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی. سڵاو لە ئەو دیدگا مەزنەی کە قوتابیان ولاوانی لە پەراوێزەوە هێنایە ناو جەرگەی بڕیاری سیاسی. سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، کە زۆربەیان لە تەمەنی لاویدا و بە ئومێدی داهاتوویەکی گەش بۆ نەتەوەکەمان گیانی خۆیان فیدا کرد. کاروانی قوتابیان و لاوان بەردەوامە و هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا داینەمۆی شۆڕش بوون، لە داهاتووشدا دەبنە ئەندازیاری کوردستانیەکی بەهێزتر و ئاوەدانتر لە ژێر سێبەری ئەو ڕێبازە پیرۆزەدا کە بیری بەهێزی نەتەوەی وخۆڕاگری و وەفاداری و خۆشەویستی بۆخاك و وڵات کە لە فەلسەفەی بارزاندا سەرچاوەی گرتووە.