ئاسایشی هەولێر دوو كەسی بە تۆمەتی كوشتن دەستگیر كرد و دەڵێ: لە دوو حاڵەتی كوشتن ئاگادار كراینەوە و توانرا تۆمەتباران دەستگیر بكەین. 

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 2ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە دوو حاڵەتی تاوانی کوشتن لە شاری هەولێر و دەورووبەری ئاگادار کراینەوە.”

دەشڵێ: “دوای ئەنجامدانی بە دواداچوون لە لایەن تیمەکانمانەوە ناسنامەی بکوژەکان ئاشکرا کران و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکانمان دەستگیر کرد.”

وەک ئاسایشی هەولێر دەیخاتە ڕوو، تۆمەتبارەكان ئەمانەن:

یەكەم: تۆمەتبار (ش. س. س) لە 10ـی 2ـی 2026، لە ناحیەی سێبیرانی سەر بە قەزای خەبات هەڵساوە بە کوشتنی هاووڵاتییەک بەناوی (جابر موحسین جەوهەر).

دووەم: تۆمەتبار (هـ. ع. ح) لە 11ـی 2ـی 2026، هەڵساوە بە کوشتنی هاووڵاتییەک بەناوی (مەحموود ئیدریس عومەر).

ئەوەشی خستە ڕوو، كە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئەو دوو تۆمەتبارە ئاڕاستەی دادگا کراوە.

ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان دەکات، کە هەمیشە هاوکاریانن لە پێدانی زانیاری.