سهرهتا وتار کۆنگرێسی ئەمریکا و یاسای پاراستنی کورد: چۆن هاووڵاتیان دەتوانن پاڵپشتی لە یاساکە...
هەورامان عەلی تۆفیق
بێگومان ئێمەی کورد گەشبین و دڵخۆش دەبین کاتێک دەبینین دۆستەکانمان بە هەنگاوی جۆراوجۆر هەوڵدەدەن هاوکارو پشتیوانمان بن، بەتایبەت لەکاتی تەنگانەو گرفت وکێشەکاندا، لە نێو ئەو گەشبینیانەی لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژە پێشنیارکراوەی بەناوی «یاسای پاراستنی کورد» لە کۆنگرێسی ئەمریکا، زانیاری جۆراوجۆر و هەڵە سەبارەت بە دۆخی ئێستای پڕۆژە یاساکە بڵاودەکرێتەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی دەنگدان؛ بەڵکو لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆی بەردەوامە و لە پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزی یاساداناندا بەرەوپێش هەنگاو دەنێت، دەکرێ ئەم ڕێکارانە چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێکیش بخایەنێت.
ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە، دوای ئەوەی سیناتۆر (لیندسی گراهام و ڕیچارد بلومێنتاڵ) پێشنیاری یاساکەیان خستەڕوو، لەو کاتەوە تەنها دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە- وەک هەنگاوێکی سەرەتایی ڕێکارەکانی- پێش ئەوەی ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، کەواتە ئەم هەنگاوە ڕۆتینییانە ئەوەمان پێدەڵێن هێشتا پڕۆژەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە وپێویستی بەکارکردنی زیاترە، تا دەنگدانی کۆتایی لەسەر پڕۆژەکە.
هێشتا هیچ دەنگدانێکی بە بەرنامە بۆ داڕێژراو نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک لە سۆشیال میدیادا بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هیوایەک نییە بۆ دەنگدان و یەک لایکردنەوەی پرۆژەکە؛ بێگومان بە پێچەوانەوە ئێستا ساتێکی تەواو و گونجاوە بۆ ڕێکخستن و کاری کردارەیی ڕێکخراو بۆ گەیشتنی پڕۆژەکە بە دوائامانجی.
پڕۆژەی یاسادانانەکان لە واشنتۆن پێویستی بە سەبر و ستراتیژی درێژخایەن هەیە، ڕێکارەکانی هەر پڕۆژەیەک لە سەر کاغەزەوە بۆ یاسایەکی دەرچوو پڕە لە بەربەستی سیاسی و ڕێکاری یاسای، بەڵام مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆژەکان بە زیندووی و بەردەوام دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کەسانێک هەبن بەردەوام و بە شێوەیەکی سیستماتیک کاری لەسەر بکەن.
ئەمە ئەو ساتەیە کە داوای کرداری زیرەک دەکات نەک دروشمی بریقەدار؛ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی بڕیار بەدەست، نەک دڵخۆش بوونی پێشوەختە.
کەواتە ئێستا پێویستە چی بکرێت؟ گرنگترین و کاریگەرترین هەنگاو ئەوەیە کە کورد لە ئەمریکا لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی لە هەموو باکگراوندەکانەوە هەنگاو بنێن بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی خۆیان لە کۆنگرێس – جا چ لە ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران گفتوکۆکانیان دەست پێبکەن.
دیموکراسی ئەمریکی گرنگی زۆر دەداتە دەنگی دەنگدەرەکانی، نامەیەکی وردی ڕێک نووسراو، یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت بە ئەندامێکی نووسینگەی کۆنگرێس، یان کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی پڕۆژە یاسایەکە، ئەمانە هەموویان دەکرێ ببنە هۆکاری ڕاستەقینەی کاریگەرو کارا بۆ کۆی ئەو جۆرە پڕۆژانە، لە واشنتۆن یاسادانەران دەزانن کە هەر نامەیەک یان پەیوەندییەکی دەنگدەرێک نوێنەرایەتی دەیان یان تەنانەت سەدان کەسی دیکە دەکات کە هەمان بۆچوونیان هەیە، واتە بەشداریکردنی کەسی تۆ قورسایی زۆر زیاتری دەبێ لەوەی کە بیری لێدەکرێتەوە.
ڕۆڵی رەوەندی کوردی لە پشتگیریکردنی پڕۆژەکە، دەکرێ ببێتە هێزێکی کاریگەر، و لەو ڕێگەیەوە هەوڵبدرێت نوێنەرانی کۆنگرێس و ئۆفیسەکانیان لە ویلایەت و ناوچەکانی خۆیانەوە بدۆزرێنەوە بۆ دەربڕینی پشتگیری لە پڕۆژەکە، بە نووسینی نامەیەک و ڕوونکردنەوەیەک کە بۆچی ئەم یاسایە بۆ کورد گرنگە و چۆن دەتوانێت جیاوازی دروست بکات، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گروپ وڕێکخراوە مەدەنییەکان کار بکرێت بە هاوبەشی بۆ فراوانکردنی بازنەی پشتیوانیەکان، بەدواداچوون بۆ بەرەوپێش چوونی پڕۆژەکە گرنگە بکرێت و پەیوەندی لەگەڵ یاسادانەران لە قۆناغە گرنگەکاندا بەردەوامی هەبێت.
هەر هەنگاوێکی بچووک لە بەرەوە پێش بردنی ئەم پڕۆژەیە لەنزیک بوونەوەی لە واقیع نزیک دەکاتەوە- یاسایەک کە ئەو کەسانە دەپارێزێت کە شایەنی پاراستن و دان بە مافەکانی گەلێکدا دەنێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر ئازاری چەشتووە وئارمی بەخۆیەوە نەدیووە.
یاسای پێشنیارکراو بۆ پاراستنی کورد بنەمای دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ کورد، بەڵام دەرفەتێک پێویستی بە کاری جددی و بەردەوام هەیە، و دەبێ ڕەوەندی کوردی لە ئەمریکا بە پلەی یەک کاری جدی لەسەربکات، چونکە مێژوو فێری کردووین گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە هەوڵی ڕێکخراوەی و بەردەوامی هاووڵاتیانەوە دێت، بۆیە لەم دۆخەدا هێشتا کاتی ئاهەنگگێڕان نیە؛ بەڵکو کاتێکە بۆ کردار، پێویستە گەشبینی بگۆڕین بۆ وزەی بنیاتنەر و هیوا بۆ کردەوەی کۆنکرێتی و پلانی تۆکمە لەکارکردن، داهاتوو لە ڕێگەی ڕێکخستن و کۆڵنەدانەوە بنیات دەنرێت نەک لە ڕێگەی چاوەڕوانی و ئاواتەوە.