سەید عەلى ئەسغەرى
خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- لە نێو کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتیش لە شاری سنە، گەلێک هونەرمەندی ڕەسەن و دەنگخۆش هەڵکەوتوون و بوون بە پێشەنگ لەکاروانی هونەری کوردیدا و بۆ هەمیشە بەرهەمەکانیان بە زیندوویی دەمێننەوە. یەکێک لەو دەنگانەش (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی)ە و (89) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی تێپەڕ دەبێت، ئەو هونەرمەندە ڕەسەنە لە ساڵی ١٨٨٢ لە شاری سنە لە دایکبووە و بە یەکێک لە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان هەژمار دەکرێت، کە بە ستایلێکی زۆر تایبەت گۆرانییەکانی چڕیوە، هەر بۆ مێژوو دەڵێین ڕەگەز و ڕیشەی بنەماڵەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی دەچێتەوە سەر سەید عەلی ھەمەدانی، برای بابا تاھیری ھەمەدانی شاعیری ناسراوی کورد.
عەلی ئەسغەر کوڕی سەید نیزامەدین کوڕی سەید جامی کوڕی سەید محەممەد جەواد کوڕی سەید ئیبراھیمە، لە ساڵی ١٨٨٢ لە گوندی سەڵوات ئاوای نزیک شاری سنە لەدایک بووە، نازناوی کوردستانیش لە ناویدا مەبەست شار و پارێزگای سنەیە، لە تەمەنی نزیک ٢٠ ساڵی ھاوسەرگیری لەگەڵ ماھشەرەف خانم کردووە، بەرھەمی ھاوسەرگیرییان سێ کوڕ بووە بە ناوەکانی عەبدولئەحەد، سەید مەسیح و سەید عەلی ئەسغەر، لەگەڵ دوو کچ بە ناوەکانی زارا و شەرافەت، یەکێک لە دیارترین گۆرانیی ئەم هونەرمەندە کە هەمیشە لە بۆنە و یادەکاندا لێ دەدرێتەوە و تا ئێستا بەزیندوویی ماوەتەوە گۆرانی (ئەی ڕەفیقانی تەریقەت) ە، کە زۆرترین هەواداری لە دەورەی خۆی کۆکردۆتەوە، سەید عەلی ئەسغەر، لە ڕۆژی ٤ ی شوباتی ساڵی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی سەڵوات ئاوا نێژراوە.