خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- كتێبی (بزووتنەوەی قوتابیانی كورد لە عێراق 1926-1970) توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە، لە بنەڕەتدا ماستەرنامەی (ماجد حەسەن عەلی)یە و ( مامۆستا بەهادین جەلال مستەفا) لە عەرەبییەوە كردوویەتی بە كوردی، لە بڵاوكراوەكانی (دەستەی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان)ـە، مامۆستابەهادین جەلال مستەفا، وەرگێڕی کتێبەکە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو کتێبە بۆ ( خەبات) گوتی: ئەم كتێبە باسی مێژووی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد و خەباتی پیشەیی و سیاسییان لە عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٧٠) دەکات، لە پێشەکی و بەرایی و چوار بەش و پاشکۆکان پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی لە بارەی ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە عێراقدا لەنێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٤٦)ە، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت، ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە پێکهێنانی کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا تا سەربەخۆیی عێراق ساڵی ١٩٣٢ وەک کۆمەڵەی قوتابخانەی نەهزە (ڕابوون)، ئەو کۆمەڵانەی دوای یەکلاییکردنەوەی ویلایەتی موسڵ پێکهاتن، کۆمەڵەی لاوان، کۆمەڵەی یاریدەدەری کورد و کۆمەڵەی دیدەوانی کورد.
بەشی دووەمی تایبەتە بە پەرەسەندنی ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە عێراق لەنێوان ساڵانی (١٩٤٦-١٩٧٠)، لە دوو تەوەر پێکدێت کە باسی هەوڵەکانی دروستکردنی ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق دەکات وەک هەوڵە بەراییەکانی پێکهێنانی یەکێتیی قوتابیان لە عێراق، دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق، سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد (پارتی) لە ساڵی ١٩٤٦، پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد(K.P.X)،(کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری) ساڵی ١٩٤٦ لە کۆیە و کۆنگرەی (ئەلسیباع)ی ساڵی ١٩٤٨ و یەکێتیی گشتیی قوتابیانی عێراق. پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد لە عێراق، وەک دامەزراندن و پەرەسەندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
بەشی سێیەم کە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت لە بارەی هەڵوێستی قوتابیان و ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە هەمبەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٦-١٩٧٠یە، پەرەسەندنە ناوخۆیی وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ناسیونالیستی کورد، ڕووداو و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٦١)، ڕاپەڕینی بارزان لەنێوان ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٥، هەڵوێستی قوتابیان لەهەمبەر سیاسەتی حکوومەت بەرامبەر بارزانییەکان، شۆڕشی ١١ی ئەیلوول و پەرەسەندنەکانی ١٩٦١-١٩٧٠، جیابوونەوە لە پارتی ساڵی ١٩٦٤ و ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠.