دیمانە- بەرهەم شێخ عزەدین:
شاعیری نیشتمانپەروەر و (یاسین محێدین عارف) کە ناسراوە بە مامە پیرە، ساڵانێكی زۆرە شیعر دەنووسێت و خزمەتێكی بەرچاوی بەو بوارە كردووە، ئەو خاوەنی 8 كتێبە. لەم دیدارەدا بۆ ڕۆژنامەی چەند پرسیارێكمان لەبارەی شیعر ئاراستەکرد و بەم جۆرە وەڵامی داینەوە.
بۆ شیعرت هە ڵبژارد؟
وەکوو دەزانین نووسینی هۆنراوە ئیلهامە، هەروەها هەندێك لە ڕۆژهەڵات ناسەكانیش دەربارەی كورد گوتوویانە «كورد هەر بە سرووشتی شاعیرن» منیش تا ڕادەیەكی زۆر باوەڕم بەو قسەیە هەیە، لام وایە هۆنراوە ئیلهامە و خۆی لە دەرگەی دڵ دەدات و لە پەنجەرەی مێشكەوە دێتە ژوورەوە. دیارە سرووشتی دڵڕفێنی نیشتمانیش بە چیای سەركەش و مێرگ و كانی و كارێز و ڕووبار و تاڤگە و دەنگی باڵندە و بوولبول و قاسپەی كەوەوە، ئەو ئیلهامە درووست دەكەن و سەرچاوەی ئیلهامی شیعرین.
لەكەیەوە شیعر دەنووسی؟
لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە خەریكی شیعر نووسینم. کە یەكەم هۆنراوەم لە ساڵی 1986 نووسیوە و تا ئێستا بەردەوامم.
لە زمانی شیعریتاندا وشە گەلێكی ناسك و چیرۆك ئاسایی ڕۆمانسی بەدی دەكرێت، ئاخۆ ئەمە زادەی خەیاڵی سحری خۆتانە، یان پەیوەستە بەژیانی واقیعیتانەوە؟
بەداخەوە ئێمە لە سەردەمێكدا لە دایكبووین و لە ڕۆژگارێكدا گەورە بووین و لە هەلومەرجێكدا لاوێتیمان بەسەربرد، كە ڕۆمانسێتی تێدا نەبوو، شەڕ و گەمارۆی ئابووری و هەژاری و نەبوونی ڕۆمانسییەتی لەبیرمان بردبۆوە.
لە هەمان كاتدا سەردەمی گەنجی ئێمە سەردەمی شۆڕش بوو، ئێمە بە ئەدەبیاتی شۆڕش گۆشكراین، لەبەرئەوە بیری نیشتمانپەروەری و گیانی شۆڕشگێری بەسەر هەست و دڵ و شیعرەكانماندا زاڵ بوو.
لەزەتی شیعری و ڕیتمی شیعر لەلای ئێوە زیاتر لەشیعری ئازاد یان كلاسیك بەرجەستە دەبێت ؟
خودی خۆم تام و چێژ زیاتر لە هۆنراوەی كلاسیكی و بابەتی ڕۆحانی و عیرفانی دەبینم. بەڵام شیعری نوێش جوانی و تام و چێژی خۆی هەیە و ناكرێت هەر لە مێژوودا بژین، هۆنراوەی جوان كلاسیكی بێت، یان ئازاد، هەر تام و چێژی خۆی دەبەخشێت و كاریگەری خۆی دەبێت. چونکە کاتێک مرۆڤ كە دەكەوێتە تەمەنەوە جۆش و خرۆشی گەنجایەتی نامێنێت، زیاتر سوود لە بابەتی ڕۆحانی دەكات، ڕەنگە بەنسبەت منەوە پیری هۆی سەرەكی بێت بۆ گرنگیدانم بە هۆنراوەی كلاسیكی.
ئیلهامی زۆرێك لە شاعیران له‌خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەزدایە، یان خۆشەویستی دایك یان نیشتمانە، ئیلهامی شیعری ئێوە چییە؟
دایك و نیشتمان هەر یەك شتن، دایك نیشتمانە و نیشتمانیش دایكە، لە ئەدەبیاتی كوردیدا بە جوانی و بە ڕوونی نیشتمان وەكوو دایك دەردەكەوێت «مارف عومەر گوڵ»ی ئامۆزام لە هۆنراوەیەكیدا دەڵێت «من دایكی خۆمم هەر نەدیووە وەتەن تۆ دایكمی» جا زۆربەی هۆنراوەی ساڵانی هەشتاكان و نەوەتاكانی سەددەی ڕابوورد و لەبارەی نیشتمان بوو، منیش لەو نەوەیەم و پەروەردەی ئەو قوتابخانەم، بەڵام ئیلهامی شیعری تەنیا نیشتمان نییە، هەموو ڕووداوەكانی ژیان و هەموو بەسەرهاتەكانی خۆمان و هەموو دەردەسەرییەكانی ڕۆژگار و دیمەنە جوان و ناشیرینەكان كاریگەرییان لەسەرمان دەبێت و لای شاعیر دەبنە ئیلهام بۆ هۆنراوەیەکی جوان. بەداخەوە ئێمە لە زۆر لاوە بریبدارین، ئەوەی كە سەددەیەكە خەڵكی ڕۆژئاوا بەدەستییان هێناوە ئێمە تائێستا خەونیان پێوە دەبینین، خەو بینین و هیواش خۆیان لە خۆیاندا هۆنراوەن.
تاچەند گرنگە لەڕێی هونەر و بوارەكانی دیکەی ئەدەب باسی نیشتمان و گەل و نەهامەتی و خۆشی بكرێت؟
هەر لە كۆنەوە چەند بۆچوونێك لەسەر «ئەدەب بۆ ئەدەب» و «ئەدەب بۆ ژیان» هەیە، ئێمە بڕوامان وایە كە هونەر نابێت تەنیا بۆ هونەر بێت و ئەدەبیش نابێت تەنیا بۆ ئەدەب بێت، بەڵكو هونەر و ئەدەب پێویستە بۆ خەڵك و بۆ ژیان بن. واتە هەم ئازاری خەڵك دەربڕن و هەم هیواكانی مرۆڤ هەڵگرن. ئێمەی كورد زۆر پێویستە كە ئەدەب و هونەر، بە تایبەتیش هۆنراوە بەكاربهێنین بۆ ئەوەی گیانی نیشتمانپەروەری لە لای نەوەی نوێ بەهێز بكەین، چونكە ئێمە گەلێكین دەوڵەت و سنوور و سوپامان نییە تا بوونمان وەك میللەتێك بپارێزێت، لەبەرئەوە دەبێت بە كولتوورەكەمان خۆمان بپارێزین، ڕێگە نەدەین لە ناوچەكە و لە ناو میللەتانی ناوچەكەدا بتوێینەوە، بەڵكو بەردەوام بە زووبان و كولتوور بیسەلمێنین كە ئێمە میللەتێكی سەربەخۆین.
زیاتر حەز بە شیعری ڕۆمانسی یان نیشتمانی دەکەیت؟
وەكوو گوتم من خۆم زیاتر حەزم بە بابەتی ڕۆحانی و عیرفانییە، ئەمەش لەلایەكەوە پەیوەندی بە تەمەنەكەمەوە هەیە، لە لایەكی دیکەشەوە پەیوەندی بەو ژینگەوە هەیە كە تێیدا گەورە بووم، من لە نێو ئەهلی دڵ و كۆڕی زیكری سۆفگەری و تەكییەی دەروێشەكانی قادری و قوتابخانەی نەقەشبەندیدا گەورە بووم، سەدان شەو ئێشكم بەدیار هۆنراوەكانی نالی و مەولەوی و مەحوی و حافز و سەعدی و جەلالەدینەوە گرتووە، ئەو دونیا ئارام و جوان و پڕ خۆشەویستییەی كە ئەو هۆنراوانە دروستی دەكەن، ئەو دونیایە كە لە ژیان و واقیعدا لەدەستمان داوە و بە دوایدا وێڵین و خەونی پێوە دەبینین.
ئەوەش واتای ئەوە نییە كە لە مێژوودا بژیم، هۆنراوەی ئازادیش جوانی و تامی خۆی هەیە، گرنگ ئەوەیە كە ببن بە خۆراكی ڕۆح و ئارامی بە مێشك و خۆشی بە دڵ ببەخشن، گرنگ ئەوەیە كە ڕامان چڵەكێنن و هەستمان بورژێنن.
چی ئاوێتەی شیعر دەكەیت بۆ ڕازاندەوەی زیاتری شیعرەکانت؟
شیعر بە زۆر نانووسرێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر شیعر بە سرووشتی لە دایكبووبێت، واتە خۆی لە دەرگەی دڵی دابێت و هاتبێت بە مێشكدا، وەك دەگوترێت ئیلهام بێت، ئیتر پێویستی بە ڕازاندنەوە و جوانكردن نییە، ئەوکات خۆی جوان و ڕازاوە دەبێت، كورد گوتەنی ئەوەی لە دڵەوە بێت بە دڵ دەگات. بەڵام گومانی تێدا نییە كە هۆنراوەی جوان، ئەو هۆنراوەیە كە وێنەی گرتبێت بە تایبەتی دیمەنی جوانی سرووشت.