پارێزگاری هەولێر لەسەر داخستنی نووسینگەی هەولێری كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) وەڵامی بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتی دەداتەوە و دەڵێ، بە بڕیاری دادگا داخراوە، سەرەڕای ئەوەش، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاگادارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی 2ـی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: “نووسینگەی هەولێری كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بە بڕیاری دادگا داخراوە و وەزارەتی ڕۆژشنبیریش ئاگادارە.”
ئەوەشی خستە ڕوو، كە بڕیاری داخستنی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی)، تەنیا لە هەولێر نییە و بەڵكوو ئەو بڕیارە سەرانسەری كوردستان دەگرێتەوە.
جەختیشی لەوە كردەوە، كە وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری بڕیاری داخستنی ئۆفێسی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بووە لە هەولێر و كادیرێكی یەكێتی لە دەرەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری قسەی كردووە كە وتویەتی ئاگادار نین.
زیاتر ڕوونیشی كردەوە، وەزارەتی رۆشنبیری، وەزیر و بریكاری هەیە و كەسیان قسەیان نەكردووە، ئەوەی قسەی كردووە، لە دەرەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە و “ناوەكەشی دەزانم.”
پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفڕانسەكەدا، باسی لەوەش كرد، كە بۆردی راگەیاندنی یەكێتی بۆچی قسەی لەسەر دەستگیركردنی خاوەنی ئەو كەناڵە نەبوو؟ (مەبەستی شاسوار عەبدولواحیدی، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە).