
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا سوپاسی هەموو هاووڵاتییان و رێکخرا و لایەن و کەسایەتی و میدیاکانی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە یارمەتیدانی کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان و ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەیان جێگەی شانازیە.
ئەمەش دەقی پەیامەکە:-
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.
هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.
مسعود بارزانی
4ـی شوباتی 2026