كەمپی جووتە دار دەكەوێتە سەر قوپێك لەسەر چیای سەفین 1384م لە ئاستی دەریاوە بەرزە، دەڕوانێتە سەر دیمەنە جوانەكانی شارۆچكەی شەقڵاوە، ماوەی بەپێ رۆیشتن بۆ گەیشتن زیاتر لە كاتژمێرێكە. كەمپەكە لە خانوێكی دوو نەهۆم و یەك هەیوان پێكهاتووە، گۆڕەپانێكی فراوانی بۆ چالاكیی شاخەوان و گەشتیاران لەبەردەم دروستكراوە، كەمپەكە چەندان خزمەتگوزاری بێبەرامبەر بۆ میوانان دابینكردووە، رووناكی لە وەزەی خۆر بۆ دابینكراوە، لە لایەن گروپی شاخەوانیی شەقڵاوە دروستكراوە، لە لایەن هەمان گروپ بەردەوام كاری فراوانكردن و زیاتر دابینكردنی خزمەتگوزاری تێدا دەكرێت، سەرجەم گرووپە شاخەوانییەكان لە هەرچوار وەرزی ساڵ تەنانەت بە بەفر و بارانیش گەشتی بۆ دەكەن، تەنانەت هەندێك جار شەومانەوەشی لێدەكەن و ئاهەنگی لێ ساز دەكەن. لە نەورۆز و لە رۆژی ئاڵا چالاكی لێدەكرێت، لە ئێستادا گەشتیارانیش سەردانی دەكەن و بە دیمەنە ناوازەكانی شەقڵاوە شاد دەبن.