چنوور حوسێن
شووناسی ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد لە چەند کۆڵەکەیەکی پیرۆز پێکهاتووە ئایین، نەتەوە، خاک، نیشتمان، ئاڵا و هاونیشتمانیانمان، هەموو ئەمانە پێکەوە ئەو هێڵە سوورەن کە هەرگیز بازدان بەسەریاندا قبووڵ ناکرێت.
کورد بە وزە و ئیرادەی خۆیەوە ژیان بە بوونی خۆی دەبەخشێت و ئەم خۆڕاگری و سەربڵندییە، تاجی شکۆ و جوامێریی نەتەوەکەمانە. ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو جیهان کە ئەگەر جیهانیش پشتی تێکردبین، ئێمە خۆمان بۆ خۆمان جیهانێکین و بە هێزی ناوخۆمان درێژە بە مانەوەی خۆمان دەدەین.
مێژوو شاهیدە کە هیچ هێزێک نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و نکۆڵی لە بوونمان بکات.
بەپێچەوانەوە، هەر هەوڵێک بۆ شەهیدکردن و جینۆسایدکردنمان، ورە و یەکڕیزیمانی بەهێزتر کردووە. لە سلێمانییەوە تا قامیشلۆ، لە ئامەدەوە تا مەهاباد، دڵ و ڕۆحی هەموومان یەکە و پێکەوە یەک نیشتمانین. ئەم یەکگرتنەمان لە چوارچێوەی ئەو هاوکێشە پڕمانایەدایە کە دەڵێت (٢+٢=١)؛ واتە چوار پارچەی کوردستان یەک گەل و یەک دڵن.
هەرچەندە مرۆڤایەتی لە سەرووی هەموو پێوەرەکانەوەیە، بەڵام هەستی نیشتمانپەروەری و پاراستنی خاک و نەتەوە، دەبێت بە دادپەروەرییەوە لە پێش هەموو هەستێکی دیکەوە بێت.
ئەم یەكگرتووییە تەنیا لە خەباتی سیاسی و سەربازیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو لە قووڵایی کەلتوور و مێژووماندا ڕەگی داکوتاوە. بۆ نموونە، لە کەلتووری کوردیدا «کەزی گرێدان» تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو هێمای پەیمان، بەڵێن، وەفاداری و پێداگرییە لەسەر بەجێهێنانی ئەرکێک. هەرچەندە کەزی دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام «کەزیی کوردی» پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ناسنامە و شکۆی ئافرەتی کوردەوە هەیە و بووەتە بەشێک لە ڕەسەنایەتی و جوانییەکەی.
بۆیە ئەو جۆش و خرۆش و یەکدەنگییەی ئەمڕۆی گەلی کورد، پەیامێکی ڕوونمان پێدەدات کە بەرەو کەناری ئاواتەکانمان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو دەنێین. ئێمە خاوەنی پیرۆزترین ئاڵاین، چونکە بۆ بەرزڕاگرتنی، زۆرترین قوربانی دراوە و خوێنی بۆ ڕژاوە.
با هەمیشە ئاڵای کوردستان گەشاوە و شەکاوە بێت و چاوی ناحەزان و دوژمنانی کورد کوێر بێت. پشتگیریی یەکتر ئەرکی سەرشانمانە و دەبێت بە شانازییەوە لە پشتی یەکتر بوەستین.
سەرشۆڕی و شەرمەزاریش بۆ هەموو دوژمنانی کوردستان.