پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ئه‌كته‌رێكی كاریگه‌ره‌

288

موحسین خالیدی (کاکەلاو)
لەو ساڵانەی کە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوونەتە ناو یەکێک لە ئاڵۆزترین و ناجێگیرترین سەردەمە مێژووییەکانیان، دەگمەنە ئەکتەرێک بدۆزیتەوە کە لە یەک کاتدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە سێ ئاستی کوردستان،عێراق و ناوچەکە بگێڕێت. ئەمڕۆ، پارتی تەنها حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەکتەرێکی ستراتیژییە و توانای کاریگەریی هەمەلایەنەی هەیە. ئەکتەرێک کە ڕابردووی بە مێژووی خەباتی نەتەوەیی گرێ دراوە، ئێستاکەی لەسەر حوکمڕانی و بنیاتنانی دەوڵەت دامەزراوە و داهاتووی لەگەڵ داینامیکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تێکەڵ بووە.
پارتی ئێستا لە قۆناغێکدایە کە بڕیار و کردەوەکانی نەک هەر کاریگەری لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی لەسەر هاوسەنگی سیاسیی بەغدا و تەنانەت بەشێک لە هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنوێنێت.
لەسەر ئاستی کوردستان: کۆڵەکەی سەرەکیی سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەت و شەرعییەت
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی مۆدێلێکی ڕێژەیی لە سەقامگیری، خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەڕێوەبردنی سیاسی لە عێراقدا پێشکەش بکات. ئەم بارودۆخە بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو بەشێکی گەورەی، ئەنجامی مۆدێلی حوکمڕانی و دەوڵەت تەوەری پارتییە.
لەم ڕوانگەوە، پارتی توانیویەتی ئەم ئەنجامانە بەدەست بێنێت:
* گۆڕینی چەمکی حکوومەت لە بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازییەوە بۆ پێکهاتەیەکی جێبەجێکاری مۆدێرن.
* پتەوکردنی شەرعییەتی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردن، بنیاتنانی دامەزراوەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی.
* پاراستنی ئاسایش وەکوو پێشمەرجێک بۆ گەشەپێدان.
* هەولێر بکاته ناوەندی دیپلۆماسی و ئابووریی هەرێم.
لە ئایندەی کوردستاندا، چیتر مەسەلەی سەرەکی مانەوە نییە، بەڵکوو پتەوکردنی پێگە و بەرزکردنەوەیەتی. ئەمە ڕێک ئەو بوارەیە کە پارتی تێیدا خاوەن ئەزموون، تۆڕی پەیوەندی و توانای جێبەجێکارییە. داهاتووی کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە حزبێک هەیە کە هەم شەرعییەتی مێژووی و هەم توانای حوکمڕانی مۆدێرنی هەبێت. ئەم پێکهاتەیە لە ئێستادا لە ناو پارتیدا چڕبووەتەوە.
لەسەر ئاستی عێراق: بازنەی هاوسەنگی نێوان بەغدا و هەولێر
عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکە کە دابەشبوونی قووڵی لەسەر بنەمای نەتەوایەتی، ئایینی، سیاسی و دەرەکیدا هەیە. لەم پێکهاتەیەدا، ئەو ئەکتەرەرانەی توانای هاوسەنگییان هەیە، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. پارتی یەکێکە لەو هێزانەی کە:
* لە یەککاتدا دەرفەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئەکتەرە شیعە، سوننە و نێودەوڵەتییەکان دەهێڵێتەوە.
* نە لە چوارچێوەی تەوەری هیچ وڵاتێکی ئیقلیمی پێناسە کراوە و نە بە تەواوی دژایەتییان دەکات.
* لە هەمانکاتدا وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو بۆ وڵاتانی هاوپەیمان ماوەتەوە.
لە زۆرێک بنبەستە سیاسییەکانی بەغدا؛ قورسایی پارتی یەکلاکەرەوە بووە. داهاتووی عێراق بە قەیرانی بەردەوامی پێکهێنانی حکوومەت و کێبڕکێی نێوان تەوەرە هەرێمییەکان و لاوازیی پێکهاتەکانی حوکمڕانی بەستراوەتەوە. لە ژینگەیەکی وەهادا، پارتی دەتوانێت:
* وەک ناوبژیوانێکی باوەڕپێکراو کاربکات.
• هاوسەنگی هێز لە پەرلەمان و حکومەت بەرەو سەقامگیری ئاڕاستەبکات.
* مۆدێلی کوردستان وەکوو نموونەیەکی حوکمڕانیی کارا بە پێچەوانەی بەغدا پێشکەش بکات.
ڕوونتر بڵێین، بە بێ پارتی هاوکێشەی دەسەڵات لە بەغدا بە ئاسانی بۆ تەوەرە ڕادیکاڵەکان دەگۆڕێت.
لەسەر ئاستی ناوچەیی: کوردستان وەک ناوەندێکی جیۆپۆلەتیک
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە چوارڕێیانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی دایە. لەم جوگرافیایە هەستیارەدا، سەرکردایەتییەک کە بتوانێت پەیوەندیی هاوسەنگ، پراگماتیک و فرەلایەنە دابمەزرێنێت، دەبێتە سەرمایەیەکی ستراتیژی.
لە ساڵانی ڕابردوودا، پارتی سەلماندی کە توانای ئەمانەی هەیە:
* دامەزراندنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی سەقامگیر لەگەڵ وڵاتان.
* هاوکاریکردن وەک کەناڵێکی گرنگی پەیوەندیی بۆ ئەمه‌ریکا لە عێراق و سووریا.
* دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە و هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران.
* هەروەها گۆڕینی هەولێر بۆ شوێنێک بۆ دیالۆگی هەستیاری ناوچەیی.
داهاتووی هەرێم بەتایبەتی دوای پەرەسەندنەکانی سووریا و لاوازبوونی پێکهاتەی دەسەڵاتە تەقلیدییە ناوچەییەکان، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەقامگیری هەیە. هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی پارتی، یەکێکە لەو ناوچە دەگمەنانەیە کە جێی متمانەی زۆربەی لایەنەکانە.
ڕۆڵی پارتی لە دۆزی کورد
لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سووریا و ئاڵۆزیی بارودۆخی کورد لەو وڵاتە، زیاتر سەرنج بۆ هەولێر و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان ڕاکێشراوە. لە داهاتوودا، پارتی دەتوانێت:
* ببێتە سەرچاوەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ کوردی رۆژئاوا (وەک ئەوە ڕۆڵەی ئێستا دەیگێڕێت).
* وەکوو پردێک لە نێوان ئەوان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خزمەت بکات.
* ڕێگەگرتن لە قۆرخکردنی کێشەی کورد لە رۆژئاوا لەلایەن ئەکتەرە توندڕەوەکان یان وڵاتانی ئیقلیمی.
ئەم ڕۆڵە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان، پێگەی پارتی بۆ ئەکتەرێکی کوردی-هەرێمی و تەنانەت جیهانیش بەرزدەکاتەوە.
سەرمایەی سەرەکی پارتی: تێکەڵەیەک لە شەرعییەتی مێژوویی و عەقڵانیەتی سیاسی
زۆرێک لە حزبەکانی هەرێم و عێراق، یان شەرعییەتی مێژووییان هەیە و توانای حوکمڕانییان نییە، یان توانای جێبەجێکردنیان هەیە، بەڵام ڕەگی کۆمەڵایەتییان نییە. پارتی یەکێکە لەو نموونانەی کە لە یەک کاتدا خاوەنی هەردوو توانایە:
* ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی خەباتی نەتەوەییدایە.
* ئەزموونی بنیاتنانی دەوڵەتی هەیە.
* خاوەنی تۆڕێکی نێودەوڵەتی پەیوەندییەکانە.
* بنکەیەکی کۆمەڵایەتی جێگیری هەیە.
ئەم تێکەڵەیە وای لێدەکات حزبێکی داهاتوو خوڵقێن بێت، نەک تەنها كاره‌که‌ترێک بۆ کاردانەوە.
پوختە
ئاییندەی کوردستان و عێراق و تەنانەت بەشێک لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەندە بەو ئەکتەرانەی کە بتوانن لەیەک کاتدا سەقامگیریی ناوخۆیی، هاوسەنگی نەتەوەیی، پەیوەندییە ئیقلیمی و جیهانییەکان بەڕێوەببەن. ئەمڕۆ پارتی ڕێک لەو پێگەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ڕۆڵی پارتی چیتر تەنها بە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان سنووردار نییە، بەڵکوو خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی هاوسەنگیی هێز لە بەغدا و بەڕێوەبردنی جیۆپۆلەتیکی کوردستان لە ناوچەکە و تەنانەت کاریگەری لەسەر دۆزی کورد لە سووریایە.
ئەگەر ئاییندەی ئەم جوگرافیایە لەسەر بنەمای سەقامگیری و عەقڵانییەت و واقیعی سیاسی لەبەرچاو بگرین، ئەوا بێگومان پارتی یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی دەبێت.