دیمانە: ژیلا كەریمی
گەلی كورد بەو پێیەی بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنی لەسەربووە بە پێویستی زانیوە بەرگری بكات و ئەو بەرگرییە چەندین ڕەهەندی گرتۆتەوە، سەنگەری بەرگری بەرامبەر دوژمنان، سەنگەری زمان و ئەدەب و سەنگەری كولتوور و ڕەسەنایەتی و چەندین ڕەهەندیتر كە ئێستا بۆتە بەرپرسیارەتی هەر تاكێكی كورد. سۆهەیلا مستەفا ئافرەتێكی كوردی خاوەن هەڵوێست كە بڕیاریداوە بە كۆكردنەوە و پاراستنی جلوبەرگ و ئیكسسواراتی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان خزمەتی نەتەوەكەی بكات لەو دیمانەیە میوانی ڕۆژنامەی خەباتە.
* سۆهەیلا مستەفا كێیە و كەی دەستت بە كاری دەستی كردووە؟
– خەڵكی شاری سەقزم لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بارودۆخ وایكرد كە بێمە باشوور و چەند ساڵێكە لە باشوور لە شارە شیرنەكەی هەولێر نیشتەجێم. من لەو باوەڕەدام هەبوونی ئافرەتی دەستڕەنگین لە دەوروبەرت و ئەنجامدانی كاری دەستی لە پێش چاوت خۆی خولیایەك بۆ دەسڕەنگینی دروستدەكات، منیش بەو پێیەی دایكم تەشی دەڕست و جۆرەها شت وەك بەرماڵی نوێژ و چاكەت و سەركڵاوە و گۆرەوی و.. بە خوری دەچنی، لە دە ساڵییەوە دەستم دایە شیش و میلی چنین و سەرەتا بۆ بووكەڵەكانم دەچنی و دواتر زۆر بە باشی لێی ڕاهاتم و بەرە بەرە كاری درومانیشم ئەنجامدا و تا ئێستاش لەسەری بەردەوامم.
* لە كارە هەرە لە پێشینەكانت پاراستنی جل و ئێكسسواراتی كوردییە، لەوبارەوە چیت كردووە؟
– بە پێویستی دەزانم گەنجەكانمان یادگاری پێشینیانیان بناسن و ئاشنای جل و بەرگی نەتەوەی خۆیان بن بە هەموو وردەكارییەكانی، بۆیە وەك خۆم هەوڵمداوە ناوچە بە ناوچە جلە كوردییەكان زیندوو بكەمەوە، بۆیە كە تەمەنم زیاتر بوو بە سەرنجی زیاترەوە ڕووم لەوكارە كرد. جل و بەرگی ناوچەی تیلەكۆ و دیواندەرەم زۆر بەلاوە جوان بوو جگە لە جلەكان دەستمكرد بە كۆكردنەوەی ئەو زیو و ئاقیق و موورووە قەدیمیانە و ئەوانەی شكابوون و تێكچووبوون چاكم دەكردەوە، دە ساڵ لەمەوبەر یەكەم پێشانگام لە كتێبخانەی مەولەوی سەقز كردەوە و جلەكانم بە كوڵوانە و گۆبەرۆك و كڵاو بە زیو و دراوی كون ژێرچەنەگە ڕازاندەوە، كە پێشوازییەكی باشی لێكرا. ئەوەبوو ئامانجی هەرە گەورەم بوو بە پاراستنی كولتوور و جل و بەرگی كوردی، ئێستاش لەگەڵ هاتنم بۆ شاری هەولێر بەشداری فستیڤاڵ و پێشانگاكان دەبم و تا توانام هەیە خزمەتی كولتووری كورد بە ئەركێكی نیشتمانی دەزانم و لێی بەردەوام دەبم.
* پێتوایە ئەم كارانەت چەند خزمەت بە كولتووری كورد دەكات؟
– بەڕاستی من ئەو بوارە وەك سەنگەرێك بۆ پاراستنی نەتەوەكەم دەبینم، گەنجی كورد دەبێ ئاشنا بێت بە هەموو وردەكارییەكانی كولتووری ڕەسەنی خۆی. پاراستنی كولتووری كورد خۆی شۆڕشێكی گەورەیە، دوژمنانی كورد بەردەوام هەوڵیان داوە زمان و كولتوور و مێژووی كورد بسڕنەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە، زمان و مۆسیقا و شیعر و ئەدەب و هەوڵی ئەو تاكە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە بووە كە كوردی بە زیندوویی هێشتۆتەوە. هیوادارم گەنجەكانمان وەك ئەركێكی نیشتمانی جلی كوردی بپارێزن و ڕێزدابنێن بۆ یادگاری پێشینیان و ڕەسەنایەتی خۆیان. كورد هەمووكات بە جل و بەرگ شۆڕشی كردووە بۆ وێنە لە باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا جگە لە پاراستنی كولتوور بەرپەرچدانەوەی سیاسییە.
* هەندێجار دەبینین بە پاساوی نوێگەری دەستكاری ڕەسەنایەتی جلی كوردی دەكرێت تاچەند لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی؟
– تایبەتمەنی جوانی جلی كوردی ئەوەیە كە بۆ هەموو كەس و تەمەن و شێوازی جەستە گونجاوە، بەڵام چیبكرێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ حەز و ئاواتیان بۆ پۆشینی لەگەڵ ئەو هەموو دیزاینانەی كە لە سەردەمی ئێستادا بۆ جل و بەرگ هەیە كەم نەبێتەوە و لەگەڵ ویستی گەنجانی ئەمڕۆ بگونجێت و هەمیش نیشانەكانی نوێبوونەوەی تیا بێت. گۆڕانی شێوەی جلو بەرگ هەربووە و هەتاهەتایە دەبێت و گۆڕانكاری بەشێكە لە خۆگونجاندن. كاری نوێ جوانە بەمەرجێك هەر لەسەر بنەمای مێژوویی بێت نەك بە تەواوەتی شێوازی جلەكان بگۆڕن وەك ئەوەی سەرنج بدەی تا بزانی ئەمە جلی كوردییە. من خۆم كاری دیزاینی نوێم كردووە، بەڵام لەسەر بنەمای كولتووری كۆن. دیزاینی نوێ بەو مەرجە دەكرێت و جوانە كە لەسەر حیسابی كاری ڕەسەن بێت و ڕابردوومان نەسڕێتەوە.
* پێتوایە لەوبارەوە حكوومەت پێویستە چی بكات؟
– بێشك ئەمكارە چەند حكوومەت پاڵپشتی بكات ئەوەندە سەركەوتووترە. ئەمكارە پاراستنی شوناسی نەتەوەیە، بۆیە پێمباشە حكوومەت ماڵێكی پاراستنی كولتووری دابمەزرێنێت، چونكە ئەمجۆرە كارە پاڵپشتی ماددی زۆری دەوێت و ڕەنگە هەموو ئافرەتێكی دەستڕەنگین توانای ماددی پێویستی نەبێت. ستافێك كاریان كۆكردنەوەی كولتووری هەموو ناوچەكانی هەر چوارپارچە بێت و ئافرەتانی دەسڕەنگینی ئەندام لەو ماڵە كاری دوورین و چنینن و.. ئەنجامبدەن و ببێتە قوتابخانەیەك بۆ فێركردنی كچانی گەنج، سەنگەری پاراستنی كولتوور خەباتێكی مەزنە لە پێناو مانەوەی گەلەكەمان و پێویستە هەموومان هاوهەنگاو لە پێناو ئەو ئەركە نیشتمانییە تێبكۆشین. هەر پارچەیەكی جلی كوردی بە جلی پیاوان و ئافرەتانەوە خاوەن پەیامە و پێشینەیەكی سیاسی و كولتووری لە پشتە و مێژوویەك دەگێڕنەوە و تایبەتە بە دۆخی ناوچە و كەشوهەوا و كات كە پێویستیان بە لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەكادیمی هەیە.