سەرۆک بارزانی مەرجەعی نیشتمانی و ئەندازیاری سەقامگیری لە ناوچەکەدا

131

د.محەمەد خورشید*
لە ناو جەرگەی ئەو ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە خێرایانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داپۆشیوە، سەرۆک بارزانی، وەک مەرجەعێکی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی، لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا نەک تەنها بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە ڕۆڵێکی کاریگەریی گێڕاوە لە پاراستنی هاوسەنگی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕی ناوخۆیی و تێوەگلان لە ئاگرە بێ کۆتاییەکان.

کاتێک باس لە سەرۆک بارزانی دەکرێت، باس لە مێژوویەکی پڕ لە خەبات بۆ ئاشتی دەکرێت. بەڕێزیان وەک «مەرجەعێکی نەتەوەیی» توانیویەتی لە کاتە هەرە هەستیارەکاندا ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان. ئەم مەرجەعییەتە لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو ئەنجامی ئەو باوەڕە قووڵەیە کە سەرۆک بارزانی بە «دیالۆگ» هەیەتی وەک تەنها ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە ناوچەیەکدا کە زمانی چەک زاڵە، هەمیشە زمانی ژیری و دووربینی سیاسی پێشخستووە.

یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی دیپلۆماسی و نەتەوەیی سەرۆک بارزانی، پەیوەستە بە ڕۆژئاوای کوردستان و قەیرانی سوریاوە. لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا سەری هەڵدا، خەمی گەورەی سەرۆک بارزانی ئەوە بووە کە کوردانی ڕۆژئاوا نەبنە قوربانی ململانێیەکی بێ ئامانج و مافە نەتەوەییەکانیان نه‌فەوتێت، بەڕێزیان وەک مەرجەعێکی خەمخۆر، چەندین جار لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی لە هەولێر و دهۆک کۆکردەوە. ڕێککەوتننامەکانی (هەولێر ١، هەولێر ٢ و دهۆک) بەرهەمی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو بوون بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەیی هێزە کوردییەکان. ئەو هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە «یەکدەنگی کورد» گەرەنتی مانەوە و سەرکەوتنە.

لە ڕووی مرۆیی و سەربازییەوە، ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، مێژووییترین هەنگاو بوو کە نەک تەنها ڕۆژئاوای لە دەستی تیرۆر پاراست، بەڵکو هەستی نەتەوەیی لە هەموو پارچەکان یەکخست، جەنابیان وەک کارەکتەرێکی جیهانی، هەمیشە خاڵی پەیوەندی بووە لە نێوان هێزە گەورەکان و ناوچەکە. پەیوەندییە بەردەوامەکانی ئەو لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەمریکا، نێردە تایبەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردە جیهانییەکان، هەمیشە لە خزمەت ئەوەدا بووە کە ڕێگری بکرێت لەوەی ناوچەکە بەرەو کاولکاری زیاتر بڕوات.

ئەو لە دیدارەکانیدا لەگەڵ دیپلۆماتکارە باڵاکان، هەمیشە پارێزەری مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە و وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی ئاشتی نێودەوڵەتی دەرکەوتووە. هەوڵەکانی بۆ ئەوەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ئاقارێکی باشتر بڕوات و مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت، جێگەی بایەخی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان بووە، لە ڕاستیدا سەرۆک بارزانی توانیویەتی هاوسەنگییەک دروست بکات کە تێیدا هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام بمێنێتەوە و هاوکات پشتوپەنای کوردانی پارچەکانی تریش بێت.

ڕێگری لە ئاڵۆزی و پاراستنی سەقامگیری
لە ناو جەرگەی هەڕەشەکاندا، هەمیشە وەکو ڕابەرێکی مەزن بووە لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر، هاوکات ڕێگر بووە لەوەی ململانێی هێزە ئیقلیمییەکان لەسەر خاکی کوردستان یەکلا بکرێتەوە. ئەو بە حیكمەت و ئەزموونی خۆی، توانیویەتی ڕێگری لە چەندین شەڕی ماڵوێنکەر بکات کە ئەگەر ڕوویان بدایە، دیمۆگرافیا و داهاتووی ناوچەکەیان دەگۆڕی، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا، پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا، و پتەوکردنی پێگەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەوە دەسەلمێنێت کە بوونی مەرجەعێکی وەک ئەو، زەروورەتێکی مێژووییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، ئاشتیخوازیی سەرۆک بارزانی و سووربوونی لەسەر مافە نەتەوەییەکان، پەیامێکە بۆ داهاتوو: کە تەنها لە سایەی یەکڕیزی و داناییدا دەتوانین بەرەو کەناری ئارامی بڕۆین.

* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٢ـی پ.د.ک