خەبات: ئاشتی شەهباز:- بەپێی نوێترین ئامارەکان، دامەزراوەی خێزان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو ڕێڕەوی جیاوازی گرتووەتەبەر. لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی عێراق ڕێژەکانی تەڵاق و جیابوونەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئامارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە شاری هەولێر، دابەزینێکی بەرچاوی حاڵەتەکانی جیابوونەوە نیشان دەدەن.

عێراق. هەڵکشانێکی مەترسیدار لە ڕێژەی جیابوونەوەدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ئاماری نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی قووڵ دەکات. تەنها لە یەک مانگدا، مانگی شوباتی 2025، (31،411) گرێبەستی هاوسەرگیری و (6،392) حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار کراون، لەسەر ئاستی شەش مانگی یەکەمی هەمان ساڵ، کۆی (171،846) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دراوە، لە بەرامبەردا (34،522) خێزان هەڵوەشاونەتەوە. ئەم ژمارەیە بەواتای ئەوە دێت کە ڕۆژانە نزیکەی 200 بۆ 210 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق تۆمار دەکرێن، کە دەکاتە نزیکەی 9 حاڵەت لە کاتژمێرێکدا.

شارەزایان هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ چەندین کێشەی بنەڕەتی دەگەڕێننەوە، لەوانە: بێکاری، هەژاری، قەیرانی نیشتەجێبوون، کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خیانەتی ئەلیکترۆنی، و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، لەسەروو ئەمانەشەوە، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە ساڵی 2025دا، کارئاسانی بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و تەڵاقدانی هەڕەمەکی کردووە و ڕێگە بە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاش دەدات. ئەمەش وادەکات ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکان لەوەی تۆمارکراوە زیاتریش بن.

لەکاتێکدا عێراق بەدەست قەیرانی خێزانییەوە دەناڵێنێت، ئامارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، دابەزینێکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە و توندوتیژیی خێزانی نیشان دەدەن، بەپێی ئامارەکان، ژمارەی جیابوونەوە لە هەولێر لە ساڵی 2023 دا گەیشتبووە لووتکە بە (5857) حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2024دا بۆ (3878) حاڵەت دابەزیوە. ئەم دابەزینە لە 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا زیاتر بووە و گەیشتووەتە (3282) حاڵەت. بەراوردی نێوان ساڵی 2022 (کە 5625 حاڵەت بووە) و 11 مانگی 2025، کەمبوونەوەی (2343) حاڵەتی جیابوونەوە نیشان دەدات.

عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکدا کە لە چوارچێوەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی 2025 بەڕێوەچوو، ئامارەکانی خستەڕوو و هۆکاری ئەم پێشکەوتنەی گەڕاندەوە بۆ «چاودێری و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خودی سەرۆک وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دابەزینی ڕێژیە تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە»، لەلایەکی دیکەوە، ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەر توندوتیژیی خێزانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لە (4067) سکاڵاوە لە ساڵی 2022 بۆ (2647) سکاڵا لە 11 مانگی ساڵی 2025دا دابەزیوە، کە جیاوازییەکەی (1420) سکاڵایە.

جێگای ئاماژەیە، هەوڵەکانی ئاشتەوایی خێزانی پێش کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە. ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاشتکراونەتەوە لە (393) حاڵەتەوە لە ساڵی 2023 بۆ (688) حاڵەت لە 11 مانگی 2025دا بەرزبووەتەوە. بەکۆی گشتی لە ماوەی سێ ساڵدا (1666) خێزان لە هەڵوەشاندنەوە پارێزراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی ستراتیژی حکوومەتی هەرێم لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.