بایۆسایكۆلۆژیای رەفتارە شەڕئەنگێزییەكانی دژی كورد

25

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
هەندێ‌ كەس بە هەڵە بیردەكەنەوە كە گوایە تاكە فاكتەری بناغەی رەفتارە شەڕئەنگیزییەكانی مرۆڤ تەنها و تەنها؛ خووی دڕندایەتی خودی مرۆڤن كە بە میرات و بەشێوەیەكی بۆ ماوەیی لە سرووشتەوە بۆی گوازراوەتەوە و لە كۆتاییدا هەڵسوكەوتە دڕندانەییەکان لێیەوە بەرهەم دێن، ئەو جۆرە كەسانە بۆ ڕاكردن لە بەرپرسیارەتی، سرووشت و سیستەمی ژیان و پەرەسەندن لە جیاتی هێزە مێتافیزیكییەكان بە فاكتەر و ئەگەری ئەم رەفتارانە دەناسێنن، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو شەڕئەنگێزیانە بەرهەمی چەندین فاكتەری جیاوازی وەكوو سیستەمی سایكۆلۆژی مرۆڤن لە بنەماكانی راپەڕینی كۆمەڵایەتی، لۆژیكی نێوخۆیی، بنەماكانی بایۆلۆجی مێشك، و دابەشبوونی كۆمەڵایەتیان جیاوازن. بەڵام لە راستیدا فاكتەری سەرەكی شەرئەنگێزی نێوان تاكەكان و كۆمەڵگەكاندا، و لە نێوخۆدی كۆمەڵگەكاندا نەك تەنها بەرهەمی تێكچوونەكای خۆڕسكی سرووشتی خۆدی مرۆڤەكانە، بەڵكۆ هەروەها لە ئەنجامی نەبوونی پێكهاتە و ستراكتووری نەگۆڕ، و مادە سەرەتاییەكان، تەنانەت لاوازی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای جیاوازە، كە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی هەوڵە بەردەوامەكانی تاكەكان لە پێناو دابینكردنی پێداویستییە گرنگەكانی ژیانە كە بۆ مانەوە بە پێویست و نەچاری دەزاندرێن.
لە شەڕ و ململانێیەكانی هۆزە بەدەوییەكاندا نزیكەی 30% گەنجان ژیانی خۆیان لەم ململانێیە دا لە دەست دەدەن، و لە شەڕ و ململانێیەكانی هاوچەرخدا كە بە چەكە پێشكەوتووەكان ئەنجام دەدرێن، جا چ ئەو شەڕە چەكداراییانەی ئایدیۆلۆژی ئایینی بن یان سیاسی، لە پێناو دیمۆكراسییەكی رووكەش بن، ئەگەر سەیر بكرێ‌ تیایدا بنەماكانی ئابووری مۆركی سەرەكیی ئەو ململانێیانەن.
بە واتایەكیتر هێشتان ئەو بەهانانەی كە پاڵنەری زۆرینەی ئەو شەڕ و كوشتارانەن كە لە پێناو كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە سرووشتییەكانی نەتەوە و وڵاتانی دیكەن. بەهێزترین پاڵدەرەكانی راپەرینە بە ناو ئایدیۆلۆژییەكانیش فراوانخوازی و زێدەخوازی زیاتری رێبەرانی ئەو راپەڕینانەن كە بە دوای ئامان كۆكردن و دەستكەوتی رەمەكی سێكسیی خۆیانن. ئەگەر سەیرێكی راپەڕینە ئایدیۆلۆژییەكانی سەدەی بیستەم بكەین بەتایبەت ئەوانەی مۆركێكی چەپگەراییان پێوە دیارە، لە پەنای ئایدیۆلۆژییە مۆراڵییەكەی ڕەوتە كۆمەڵایەتییەكانیان، شتێك نیە جگە لە هەوڵدان بۆ گەیشتنی بە دەستكەوت و هێزێكی ئابووری و یان پاڵدەرە بایۆلۆجییەكانی رێبەرانی ئەو بزاڤانەن. سەركردەكانی ئەم جووڵە كۆمەڵایەتی و سیاسییانە خەڵكی ئاسایی لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەنە قوربانی و دواتر كە سەركەوتن یەكسەر ئەو رەفتارە و كردەوە نادروستانە ئەنجام ددەن كە ئەوان كەسانی سیاسیی پێش خۆیان بە ئەنجامدانی هەمان ئەو رەفتارانە تۆمەتبار دەكرد. دوای ماوەیەك تەنها چەند دروشمی بریقەدار و بێ‌ واتا و بێ‌ رامانیان لەو ئایدیۆلۆجیانە لێ‌ بە جێ‌ دەمێنێ‌ تا بەهۆیانەوە خەڵكی ساویلكەی پێ‌ سەرقاڵ بكەن و تەندووری ئایدیۆلۆژیای خۆیان گەرمتر لێبكەن.
بەشێك لە وانەی لە ئێستای مێژووی عێراقدا لە دەسەڵاتن، كاتی خۆی بە هەمان شێوەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا لە دژی رژێمی بەعسی شۆڤینی و سەدامی گۆڕبەگۆڕ دەجەنگان و ئەویان تۆمەتبار دەكرد كە نەك تەنها گەندەڵیی ئابووری و سیاسی دەكات و دەستی بەسەر هەموو جۆمگە ئابوورییەكانی وڵاتدا گرتبوو، بەڵكۆ بە هزاران كەسی بێتاوان و بەتایبەت لە خەڵكی شیعەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دا بە شێوازی جیاواز دەستەسەر دەكرد و پۆل پۆل لە سێدارەی دەدان.بەڵام دەبینین هەر هەمان ئەم (بەناو خەباتكارانە)ی دوێنێ‌ دژی بەعسی رووخاو لە ئێستادا لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا هەمان رەفتارە قێزەوەنەكانی رژێمی بەعس دووبارە دەكەن و گەندەڵی سەرتاپای وڵاتی تەنیوە و بە پێی سەرچاوە متمانەپێكراوەكان حكوومەتی عێراق نزیكەی 100 ترێلیۆن دینار فەرزدارە، و ئەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە ئەو گەنج و خۆپیشاندەرانە دەكران كە ساڵانی رابردوو لە دژی گەندەڵی و فەرهوود و تاڵانبردنی سەروەت و سامانی گشتی هەڵسا بوون، لە دڕندایەتیدا هیچی كەمتر نەبوون لە رەفتارەكانی بەعسییەكان. هێشتان خەڵك لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقدا، ئەو وڵاتەی كە یەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە لە سامانی سرووشتیی نەوت گازدا، لەو پەڕی هەژاریدا دەژین. بە بیانۆی تیرۆر و داعش هزاران گەنجی بێتاوان ئێستا بێسەروشوێنكراون یان لەنێوبراون. سامانی مللەتی خێر لە خۆ نەدیوی عێراق كە لە سەردەمی بەعس لە خرابترین دۆخی ئابووری و سیاسیدا دەژیان لە چەك و تەقەمەنی خەرج دەكەن و دوور نیە وەك سەردەمی داعش جارێكی دیكە هەموو ئەو چەكە تەسلیمی دوژمنانی خۆیان بكەن، و سەدان گرووپی چەكدار لە گۆشە و كەناری عێراق لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی سەربازیدا چاڵاكی دەكەن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتی عێراق و دانیشتوانەكەی لە هەموو نەتەوەیەك و لایەك، تەنانەت نەتەوە و وڵاتانی دراوسێ‌ و جیهانیش، بەتایبت كە لە لایەن هەندێ‌ وڵاتی هەرێمییەوە كۆنترۆڵ و ئاراستە دەكرێن، و هەندێ‌ جار لە دژی بەرژەوەندی و خەڵكی خۆیان بەكار دەهێنرێن، و لە لایەكیترە بوونەتە هێڵی ترانزیتی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان كە لە وڵاتانی دیكەی وەكوو ئەفغانستان و پاكستانەوە دێت و دەبردرێت ئەورووپا و وڵاتانی ناوچە، و یەكێك لەو ناوچە و لایەنانەی كە زیاترین زیانیان لەم ناوە و لەسەر دەستی ئەو هێزە چەكدارانەی دەرەوەی یاسا بینیوە هەرێمی كوردستانە، كە بە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی جۆراوجۆری ئەم گرووپە چەكدارانە بووە و تا ئێستا چەندین رووداوی نەخوازراویش بە هۆیانەوە روویانداوە.
وەكوو پرۆفیسۆر دكتۆر تەقیێ‌ كیمیایێ‌ ئەسەدی، پسپۆری مێشك و دەمارەكان لە زانكۆكانی ئەمریكا پێیوایە كە جەنگەكان بە هەموو جۆرەكانی خۆیەوە، و تیرۆریزمی كۆێر، لەسێدارەدانەكان، بنپێكردنی مافە كۆمەڵایەتییەكان، توندوتیژییە پەیوەندار بە نەژادپەرستی و ناكۆكیی سیاسی و ئایینی، رەگەزپەرستی، ئایدیۆلۆژیكی، دیتكاتۆریەت و داگیركاری، سیستەمی سیاسیی تووندوتیژ و … هتد، هەموویان ئەو رەفتارە تێكدەرانەن كە بەرهەمی ئەو بوونەوەرە بایۆلۆجیەن كە بە لووتبەرزییەوە خۆی بە مرۆڤی ژیر ناساندووە و خۆی بە شەریفترین ئافریدە ناوزەد كردووە، لە كاتێكدا زۆرێك لەم رەفتارانە قێزەوەنە دڕندانانەی مرۆڤ لەنێو گیانەوەرانیتر دا بوونیان نییە.
ستیڤێنن پینكێر (Steven Pinker) زانای سایكۆلۆژیی كەنەدایی، نووسەری پەرتووكی “ فریشتەكانی سرووشتی ئێمە” (2011) لەسەر بنەمای توێژینەوەكانی قووڵی مێشكی مرۆڤ و بایۆلۆژیای پەرەسەندنی داروینی ئەو بەشەی جەستەی مرۆڤ كە خۆی لە خۆیدا پێكهاتەیەكی گەشەسەندووتری كۆئەندامی دەماریی گیانەوەرانی كۆنتر لە مرۆڤ كە زۆرینەیان لە ماوەی چەند ملیۆن ساڵی ڕابردوو لەنێوچوونە تەنها ئامۆزاكانی مرۆڤ كە شەمپانزی‌ و بونابۆ و مەیموونەكانی سەردەمی ئێستاماندا لە ژیان دا ماون، بناغەی ئەو رەفتارە دڕندانە بە بەرهەمی خۆرسكیی سرووشتی خۆی دەزانێ‌، داهێنەر و بزوێنەری مێشكی مرۆڤەكانە نەك هیچ هێزێكی دیكەی سرووشت و مێتافیزیكی، یان ئەوەی كە هەندێ‌ جار بە زوڵمەوە بۆ ئەو ولا و ئەو لا دەگڕێنرێن.
كەواتە بەشێك لە وانەی لە عێراقی دوای سەددامی گۆڕ بەگۆڕ جلەوی دەسەڵاتیان گرتووە و لە پەنای ئەو دەسەڵاتە هەر رەفتارێكی نائاسایی و تووندهاژیانە و دوور لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی لە دژی هەموو لایەك و بەتایبەت كورد ئەنجامی دەدەن بەرهەمی مێشك و بیركردنەوە و تێڕانینی خۆیان و ئەوانەیە كە ئەوان ئاراستە دەكەن، نەك هیچ هێزێكی دیكەی دەرەوەی سنووری ئەو مێشكە.
پڕۆفیسۆر ئەسەدی لە میانەی جەختكردن لە بوونی ئەو هێزە بەرهەمهێنەرەی توندوتیژی لە ناخی مرۆڤەكان پێیوایە كە خۆشبەختانە بە ئامانجی رووبەرووبوونەوەی ئەو هێزانە لە ناخی بەناچار بەكۆمەڵایەتبووەی (socialization) مرۆڤەكاندا هەندێ‌ هێزی دژبەری ئەو تووندوتیژیانەش سەریان هەڵداوە كە لە ململانێیەكی چاكە و خراپی نێو مێشكی زۆرینەی رەهای مرۆڤەكاندا لەگەڵ یەكتریدا لە دانوستاندندان. هەر بۆیەش بە هۆكاری باڵادەستی هێزە باشەكانە كە لە مێشكی مرۆڤدا توانایی ئەوە هەیە كە گۆڕانكارییە ئەرێنییەكانی ئەو ئەندامەی جەستە لە ئارادایە و بەهۆیەوە مرۆڤ توانیویەتی ببێتە خاوەن ستراكتوور و پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی و لە سایەیدا چەندەها ملیۆن و تەنانەت ملیارها مرۆڤ بتوانن وێڕای خۆڕسكی خۆپەرستیی خۆیان و لە چوارچێوەی جیهانی مۆدێرندا بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لە تەنیشت یەكتری دا و لە شار و وڵاتانی جیاوازدا ژیان بەسەربەرن و لە پێناو بەدیهێنان و چارەسەر و دابینكردنی پێداویستییە جیاوازە بایۆلۆجی و مۆراڵی و كۆمەڵایەتییەكانی یەكتر، هاوكاریی یەكتر بكەن. ئەو ژیانە ئاشتیخوازانەیەی كە لە یۆتۆپیای ژیانی مێرووستانەكان بەیدەكرێ‌ و ئەو گیانەوەرە لە خۆبۆردووە بەبێ‌ بەرامبەر و بە بێ‌ ئاگاداری و لەسەر بنەمای فەرمانە جێنێتیكییەكانی خۆی بەو پەڕی ئاسوودەیی و بەختەوەرییەوە لەگەڵ هاونەژادەكانی خۆی دەژین، بە بێ‌ ئەوەی كە هیچ تووندوتیژییەك لە نێوانیاندا هەبێ‌. دیسان جێگەی دڵخۆشییە كە مرۆڤەكانی بەكۆمەڵایەتیبوو لە نێو مێشكی خۆیاندا خاوەن تواناییەكیترن كە هاوكارییەكان دەكات تاوەكو بتوانن بە هۆیەوە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەهێزتر دابنێن كە ئەویش هاوسۆزییە (empathy)، كە لە مێشكی كەسانی دەرووندرووستدا بوونی هەیە، كە دەتوانرێ‌ بە هۆیەوە و لە كۆمەڵگە ئاساییە تەندرووستەكاندا لە خەم و مەینەتی و نەهامەتییەكانی خەڵكانیتر تێبگات و هەستیان پێبكات و بەرژەوەندیی ئەوان بەرژەوەندی خۆی بزانێ‌ و بە هۆیەوە هەڵسوكەت و رەفتارێكی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانی لەگەڵدا بكات.
ئەمە ئەو وانیەیە كە ئەو لایەنانەی عێراقی نوێ‌؛ ئەو عێراقەی کە بەشداریمان لە دانانیدا كرد چونكە بڕوامان پێبوو دەتوانێ ببێتە‌ بەدیهێنەری سێ‌ مەرجی سەرەكیی كورد (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) و ببێتە پاڵنەری یەكەمی كورد لە بنیاتنانی عێراقێكی مۆدێرن پاش ئەوەی كە بە دەهان ساڵی رابردوو نەك هەر بوونیان نەبوو، بەڵكوویەكێك لە تاریكترین قۆناغەكانی سیاسیی عێراق بوون. بەواتایەكیتر بەرپرسێتی لە (ژیانی مێرووستانێكی بەناو بەستەزمان) دەتوانێ‌ سەرمەشقی رەفتارەكانی ئەو هێز و لایەنانەی عێراقی ئێستا بن، كە لە سەر بنەمای هاوسۆزی و تێگەیشتن لە مەینەتە رابردوو و ئێستاییەكانی نەتەوەكانی عێراق و لە سەرووی هەموویانەوە ژیانی میللەتی كورد، دەبێ لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر ژیانی کورد ڕا نەكەن و لە یاد نەكەن كە ئەگەر لۆژیكانە بیر بكەنەوە لەوە تێیدەگەن كە وەك زانایەك ئاماژەی پێدەدات ئەو سەروەت و سامانەی كە لە جیهاندا هەیە ئەگەر بە دروستی و دادپەروەرانە و دوور لە گەندەڵی و خۆپەرستییەوە بەكار بهێنرێن بەشی نزیكەی 70 ملیار مرۆڤ دەكات، لە كاتێكدا كە ئێستا ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی كەمترە لە 7 ملیار كەس.
بەواتایەكیتر ئەگەر لە عێراقی مۆدێرن كە هێشتان بەچاوی خۆپەرستانە سەیری سەرچاوە سرووشتییەكانی ئەم وڵاتە و بەتایبەت سەرچاوەکانی كوردستان دەکات‌، دادپەروەری و یەكسانی بەرقەراربێ‌، ئەوا هەموو تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەو پەڕی ئاسوودەیی و بەختەوەری و ئارامیدا لە تەنیشت یەكتر ژیان بەسەر دەبەن؛ بە بێ‌ ئەوەی پێویست بە رەفتارە نامرۆڤایانەكانی وەكوو ئەنفال و جینۆسایدا و كیمیاباران و خاپووركردنی گۆند و شارەكانی كوردستان، و داگیركردنی نیوەی خاكەكەی و راگواستن و هێڕشكردنە سەر خاكی کوردستان ئەنجام بدات.
ئەو بەخۆداچوونەوەیە دەبێ‌ لەسەر بنەمای ئەو فاكتەرە بەهێز و لەنێوبەری تووندوتیژی بەناوی هەستی رەوشتی (moral sense) ئەنجامبدرێ كە ئانتۆنیۆ داماسیوو (Antonio Damasio)، زانای دەمارناسیی پۆرتۆگالی، لە بەرهەمەكانی خۆیدا ئاماژەی پێدەدات و وەك یەكێك لەو فاكتەرانەی كە رێگرە لەبەردەم رەفتارە تووندوتیژەكانی مرۆڤی بەكۆمەڵایەتیبوو، كە وەك پێوەرێكی كۆمەڵایەتی و هەستێكی مرۆڤی و تایبەتمەندییەكی ئەو مرۆڤە بەكۆمەڵایەتیبووە، چەندایەتی و چۆنیەتی یان ئەنجامدان یان رێگریكردن لە ئەنجامدانی رەفتارە ناڕسەوا و رەوایەكان كۆنترۆڵ دەكات و دەگەیەنێتە نێو بەشی ئاگاداریی مێشكی مرۆڤەوە و وەك کلیلێکی زاڵ بەسەر كار و كاردانەوەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و كولتوورە جیاوازەكاندا كار دەكات. ئەگەرچی داماسیوو پێیوایە كە ئەم هەستە رەوشتییە لە مرۆڤەكاندا، بە تێكڕا لاوازە، و ئەو سەقامگیری و جێگیرییە نێوان تاكی و نێوان كۆمەڵگەییەكانی نیە، و بە پێی هەڵومەرجی خێزانی، هۆزایەتی، سیاسی و كولتووری تایبەتدا رەفتارە تایبەتەكانی كە رەوان؛ دەكرێن لە ژێر كاریگەری هەندێ‌ پێوەردا شەرئەنگێزانە ببن، بەڵام لە هەمان كاتدا دادوەرییەكی رەوشتی دەكات و بڕیاری رەوشتیانە لە بارەوە دەدات، نابێ‌ ئەوەش لە یاد بكرێ‌ كە توانایی عەقڵانیەت، لۆژیك، و بەڵگەهێنانەوەكانی مێشك خۆی لە خۆیدا خۆڕسكین و لە ڕێگەی پەروەردە و فێركردن دەكرێن راستبكرێن و گۆڕانیان بەسەردا بهێنرێ‌، و ببن بە رێنوێنیی ژیانێكی باشتر و ئاشتیخوازانە، هەرچەندە كە هەر هەمان ئەو توانستە خۆڕسكیانە دەكرێن لە رێگەی هەندێ‌ كەس بقۆزرێنەوە و بە پشت بەستن بە هێزی ئاخاوتن، كە تەنها تایبەتە بە مرۆڤەكان، تووندوتیژییەكانی ئەوان (تەبریر) بكات و لە لایەن ئەو كەسە هەلپەرەستانەوە بە ئاسایی هەژمار بكرێن. هەمان ئەو كارەساتەی كە دیكتاتۆرەكانی وەك هیتلەری نازیسمی بە پشتبەستن بە پێشنیار و ڕاسپاردەكانی كەسانی وەك بەناو فەیلەسۆفی عەقڵانیی (فریدریك نیچە) بۆ كردەوە قێزەوەنەكانی خۆیان پەنای بۆ دەبرد، لە كاتێكدا كە ئەم بەناو فەیلەسوفە خۆی تووشی نەخۆشیی سیفلیسی مێش و شێتایەتی بوو. بۆیە دەکرێ ئەو نموونەیەش بۆ هەندێ‌ دەسەڵاتدارانی عێراق وانەیەك بێت لە جیاتی پەنابردنە بەر (نیچە)كانی خۆیان؛ بۆ هەستی رەوشتیی خۆیان بگەڕێنەوە و نەك تەنها پابەندی بڕگەبڕگەی ئەو هەستە بن، بەڵكۆ لە رێگەی پەروەردە و فێركردن لە دەزگە پەروەردەییەكاندا ئەو هەستە لەنێو ناخ و دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەی خۆیاندا بچێنن تاوەكو لە داهاتوودا نە تەنها كەسانی تەندرووست و دەرووندرووستی لێوە بەرهەم بێت بەڵكوو رێگری بکرێت لە سەرهڵدانی رەفتاری دژبەرانە و تووندوتیژ لە بەرامبەر نەتەوە و وڵات و كۆمەڵگەكانی دەوروبەر، تەنانەت خۆدی كۆمەڵگەی خۆیان و هەموومان بە ئارامی و ئاسوودەیی لەگەڵ یەكتر ژیان بەرینە سەر، و لە جیاتی ئەوەی كە ئۆباڵی ئەو دڕندایەتی و تاوانانە بخەینە ئەستۆی ئەم لاو و ئەو لا؛ خۆمان بەرانبەر بە رەفتارەكانی خۆمان؛ بە بەرپرسیار بزانین و بەرانبەر بە ئەنجام و لێكەوتە خراب و وێرانكەرەكای هەست بە شەرمەزاری و پەشیمانبوونەوە بكەین، تەنانەت ئەوانەی كە بەرانبەر كورد تاوان و تووندوتیژییان ئەنجامداوە داوای لێبۆردن بكەن و كەسوكاری قوربانییان قەرەبۆ بكرێن تاوەكو بەشێك لە خەمە مەزنەكەیان و بەشێك لە برینە قووڵەكانیان ساڕێژ ببن.
وانەیەكی دیكەی كە دەبێ‌ خاوەن ئەو رەفتارانە لە ناوچەكە و بەشێك لە دەزگە دەسەڵاتدارەكەی عێراق لە بیریان بێ،‌ ئاوڕدانەوەیەكە لە گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە كە وەك زریانێك وایە و ماوەماوە دیكتاتۆرێك لە ناوچەكە بەردەكەوێ‌ و دەیكات بە پەندی مێژوو، و ئەو زریانە هەمیشە دەتوانێ‌ یەخەی هەر یەكێك لەو سەركردە دیكتاتۆرانەی ناوچەكە بگەیەنێتە قۆناغێك كە لە جیاتی ئەوەی پابەندبێت بنەماكانی هەستی رەوشتی لە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ نەتەوە و كەسان و وڵاتانی دراوسێ‌‌، تووشی دڕندانەترین رەفتار ببێ‌ و لە ئاكامدا زەمینە بۆ رووخانی خۆی خۆش بكات و تووشی ناشرینترین چارەنووسی خۆی ببێ‌، وەكوو ئەوەی كە بە سەری (سەددام و ئەسەد هات)، كە بەڵكۆ ببن بە مایەی ئەوەی لە دوای ئەوان كەسانیتر بەخۆیاندا بچن و لە جیاتی زۆڵم و ستەم بەو پەڕی ویژدانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ كەسانیتر دا بكەن و نەكەونە داوی (نیچە)ی دیكە و گیانی ملیۆنان كەس نەخەنە مەترسییەوە، و یەكێك لەو نەتەوانەی كە زیاترین زیانی لەم جۆرە دیكتاتۆرانە بینیوە میللەتی زیندووی كوردە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، كە تەنها تاوانەكەی ئەوەیە كە كوردە و لە ناوچەیەك دەژیت كە هەڵكەوتەی جوگرافیایەكەی زۆر تایبەتە و دەوڵەمەندە بە دەهان سەرچاوەی سرووشتی.
* پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ