
خەبات: وریشە عومەر:- هونەرمەندانی کورد هەمیشە بەشداری کارا و بەرچاویان لەشۆڕش و بەرخودانەکانی گەلەکەمان هەبووە و لەکاتی ئهو کارەسات و ڕووداوانهی بەسەر گەلەکەمندا هاتووە دەنگیان بەرزکردۆتەوە و بەرگریان لە مافەکانی گەلەکەمان کردووە، لەم ڕۆژانەدا لەبەشێکی خاکی کوردستان هێرشێکی دڕندانە کرا بۆ سەر ڕۆڵەکانمان لە ڕۆژئاوایی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لەلایەن دوژمنانەوە چەندین کاری قێزەوەن و دوور لە هەموو ڕەفتارێکی مرۆیانەیان بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجامدا، کەبووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یەکێک لەم کارە نەشیاو و نامرۆڤانە، بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێکی کورد بوو لەلایەن سوپای سووریاوە، ئەم رووداوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. هونەرمەندانیش بێدەنگ نەبوون و لەڕێی هونەرەکەیانەوە بە چالاکی جۆراو جۆرەوە دژایەتی خۆیان بەرامبەر بەدەژمنان دەربڕی. هونەرمەند تارا ڕەسووڵ، وەکوو خانمە هونەرمەندێکی کورد دەڵێت: ڕۆژێك دادێت پرچ و کەزی ئافرەتان و کچانی کورد دەبێتە پەتی سێدارە و دەخرێتە ملی تیرۆرستان و دوژمنانمان، هەر لەو ترسەشە دوژمنان لە ڕۆئاڤا دەستییان کردووە بە بڕینی پرچی کچە شەڕڤانەکانمان، بەم نزیکانە خۆری ئازادی لە خۆرئاواوە هەڵدێت.