لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ناردنی هاوکاریی مرۆیی و سوتەمەنی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، بە ئامانجی هاوکاریکردنی هاووڵاتیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی وەرزی سەرما.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە بڕی پێویست لە سوتەمەنی دەنێردرێتە ڕۆژئاوای کوردستان.”

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵمەتە مرۆییە تەنها بۆ یەکجار نییە، بەڵکو پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوبوونی وەرزی سەرما، ئەوەش وەک پشتگیرییەک بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەم بارودۆخە سەختەدا.

ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە شەپۆلێکی سەرما و بارودۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت و پێویستیی زۆر بە سوتەمەنی و پێداویستییەکانی گەرمکردنەوە هەیە.