ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، هەشتا ساڵ بەسەر یەکەم ئەزموونی دەوڵەتداریی مۆدێرنی کورد، واتە دامەزراندنی “کۆماری کوردستان” لە شاری مهاباد تێدەپەڕێت. کۆمارێک کە هەرچەندە تەمەنی تەنها 11 مانگ بوو، بەڵام توانی بناغەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد بۆ نەوەکانی دواتر دابڕێژێت و تا ئێستاش وەک شانازییەکی گەورە لە مێژوودا باسی لێوە دەکرێت.
لە ڕۆژی 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1946 (بەرامبەر بە 2ـی ڕێبەندانی 1325ی هەتاوی)، لە گۆڕەپانی مێژوویی “چوارچرا” لە شاری مهاباد و بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکان، یەکەمین کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەیەندرا.
گرنگترین دەستکەوتە ستراتیژییەکانی کۆمار:لەو ماوە کورتەدا، کۆمار توانی چەندین وەرچەرخانی مێژوویی ئەنجام بدات کە تائێستاش وەک بنەمای خەباتی کورد ماونەتەوە، لەوانە:
پێشمەرگە و ئاڵا: بۆ یەکەمجار ناوی “پێشمەرگە” بۆ سوپای میللی کوردستان بەکارهات و ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.
زمان و پەروەردە: خوێندن کرا بە زمانی کوردی، چاپخانە دامەزرا و دەیان کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار (وەک گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان) بڵاوکرانەوە.
سروودی نەتەوەیی: مارشی “ئەی ڕەقیب” وەک سروودی نەتەوەیی کوردستان دیاریکرا.
مافی ئافرەتان: گرنگییەکی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان درا و هاندانیان بۆ خوێندن و چالاکیی کۆمەڵایەتی بووە ئەولەویەت.
میدیا و هونەر: ڕادیۆی مهاباد دامەزرا و بۆ یەکەمجار شانۆنامەی “دایکی نیشتمان” بە زمانی کوردی نمایش کرا.
یەکگرتوویی نەتەوەیی و ڕۆڵی بارزانییەکان:یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی مێژووی کۆمار، هاوکاری و یەکدەنگیی نێوان پارچەکانی کوردستان بوو. بەشداریی بارزانییەکان بە ڕێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی و فەرماندەیی مەلا مستەفا بارزانی، نموونەیەکی باڵای بەرگری بوو. بە جۆرێک کە یەکەم شەهیدی کۆماری کوردستان پێشمەرگەیەکی باشووری کوردستان بوو. ئەم متمانە نەتەوەییە گەیشتە لووتکە کاتێک پێشەوا قازی محەممەد پێش ڕووخانی کۆمار، ئاڵای پیرۆزی کوردستانی وەک ئەمانەتێکی مێژوویی سپاردە دەست مەلا مستەفا بارزانی.
ئێستا کە 80 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت، کۆماری کوردستان وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نەتەوەیی و هێمایەک بۆ هاوخەباتی و یەکدەنگیی کوردان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی دەبینرێت.