وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایدەگەیێنێت، لە کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو، سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026ـەوە، تەواوی هێزەکانی سوپا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ پابەندی ئاگربەست دەبن لە بەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات دەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیێنێت: بۆ ماوەی چوار ڕۆژ پابەندی ئاگربەست دەبن، ئامانجی سەرەکیی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ سەرخستنی ئەو هەوڵە نیشتمانیانەی کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان هەردوولادا بڕیاریان لەسەر دراوە تاوەکو ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: “ئەم هەنگاوە دوای ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەیە، هەردوولا پێداگیرن لەسەر کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان.”
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پابەندیی تەواوی خۆی بە ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ ڕاگەیاند، لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لەسەری ڕێککەوتوون. هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە ئەوان دەستپێشخەری هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.
هەسەدە دەشڵێت: “دەرگای بۆ هەموو ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەسەرە گفتوگۆییەکان واڵاکردووە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ی کانوونی دووەم، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە.”